بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە وتوویژێکدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە شەڕی دژ بە غەززە و لوبنان و یەمەن شکستی هێناوە، لەبەرئەوەی بۆڤخۆی بەم هەموو هێز و تەکنەلۆژیا و هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری دەکەن نەیتوانی درووشم و ئامانجەکانی بێنێتە دی کە داگیرکردنی ئەم شوێنانە و لەناوبردنی ئەو هێزانە بوو، ئێستاش قەوارەی زایۆنیستی زەرەر و زیانێکی زۆری لێکەوتووە و کێشە و گیروگرفتێکی زۆری بۆ درووست بووە و لە داهاتووشدا لێکەوتەی زۆری دەبێت.
ناوبراو وتی: سوپای زایۆنیستی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی باکوری فەڵەستینی داگیرکراو بکات و ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزێت و بەردەوام دەبێت لە شەڕ و کێشەدا بێت، تا شەڕی غەززە بەردەوام بێت مەترسی شەڕ لە ناوچەکەدا هەردەمێنێت.
شوان ڕابەر وتی: هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە شەڕەکە ڕابگرن بۆ ئەوەی هەم ئیسرائیل پارێزراو بێت هەمیش شەڕەکە تەشەنە نەسێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە نایانەوێت بەرژەوەندییان لە ناوچەکەدا بکەوێتە مەترسییەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەروەها وتی: سوپای زایۆنیست بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژائاوا ئەم شەڕە دەکات، ئەگینا توانای بەرگەگرتنی نییە و بەداخەوە وڵاتانی ڕوژئاوا لەبری ئەوەی لە سەر وڵاتانی زوڵملێکراو بەجواب بێن، کەچی پشتگیری لە زاڵم و داگیرکەر دەکەن، بەوەش ناشیرین بوون و چارەنووسی ئیسرائیل و داهاتووی نتانیاهۆ لە مەترسیدایە./.