بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی تەحریری شام و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیا لە یەکەم گۆڕانکاریی هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سێ ناوچە سەرەکییەکە، هێرشێکی لەناکاویان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستپێکرد و گەیشتنە حەلەب وەک دووەم گەورە شاری ئەم وڵاتە. ئەم ڕووداوە لە 5 ساڵی ڕابردوودا کەم وێنە بووە و تەنیا یەک ڕۆژ پاش جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەستی لوبنان ڕوویداوە.
پێدەچێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بیەوێت پێش هاتنی دوناڵد ترەمپ، کەڵک لە دۆخی لوبنان و سوریا و تەنانەت سەرقاڵبوونی ڕووسیا لە ئۆکراینا وەربگرێت و دۆخێکی نوێ بە سەر سوریادا بسەپێنێت، وەک ئەوەی کە پێشتر لە قەرەباغ و لیبیا جێبەجێی کردووە.
بۆ ئەنکەرە ئەم شەڕەی دەستپێکردووە؟
هەڵوێستی لایەنەکانی سوریا و وڵاتانی پەیوەندیدار چییە؟
بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، دەبێت دۆخی سوریا تاوتوێ بکرێت.
سێ ناوچەکە:
پاش ڕێکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا سەبارەت بە جێگیربوونی ئاگربەستی ئیدلب لە ئازاری ساڵی 2020، کە چەندین مانگ لە پاش ڕێکەوتنێکی هاوشێوەی نێوان ئەمریکا، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی فۆرات (185 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە) کرا، وڵاتی سوریا بە کردەوە بووە سێ ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵەوە.
یەکێک کە لە سەدا 65 ی خاکی سوریا پێک دێنێت و بە هاوکاری ئێران و ڕووسیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دیمەشقدایە. دووەم بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتدایە کە بە هەسەدە ناسراون و لە سەدا 25 ی خاکی سوریای لەخۆگرتووە. بەسی سێهەمیش لە باکور و باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە لایەن دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی سەر بە تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئەگەرچی هەندێک کات شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەم سێ ناوچەیەدا هەبووە بەڵام بە گشتی هێڵەکانی بەرکەوتنیان وەک خۆی مابووەوە.
ڕۆڵی تورکیا:
ئەنکەرە لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە پشتیوانی لە گرووپە دژبەرەکانی سوریا بە تایبەت دەستەی تەحریری شام دەکات و بنکە و هێزی سەربازیی تورکیا لەم ناوچانەدا بوونیان هەیە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەستەی تەحریری شام ناتوانێت بە بێ موڵەتی تورکیا کرابێت.
ئەوانەی ئاگاداری هەڵوێستەکانی تورکیان، دەڵێن کە ئەردۆغان بەم پیلانگێڕییە سەربازییە هەوڵ دەدات پێش دەستبەکاربوونی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا، گوشارەکان لە سەر بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا چڕتر بکاتەوە و پێگەی خۆی لە دانوستانەکاندا باشتر بکات. بەشار ئەسەد پێشتر هەر دانوستانێکی لە گەڵ ئەردۆغان تا کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە گرووپە تیرۆریستییەکان، ڕەتکردبووە.
ئەردۆغان لە کۆتایی ساڵی 2016 ڕێکەوتنێکی لە گەڵ پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کردبوو کە موڵەتی ئەوەی بە هێزەکانی حکومەتی سوریا دەدا لە پێناو پارچە پارچەکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە لە باکوری سوریا لە لایەن ئەنکەرەوە، گەڕەکەکانی حەلەب وەربگرێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا حەلەب لە ژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشقدا بووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەم شەڕ و پێکدادانە بووەتە هۆی زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و هۆشداری ئەوەیداوە کە هێرشەکان بۆ سەر ئیدلب (ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی نەیارانی سوریا) ڕێکەوتنی ڕەوتی ئاستانە بۆ ناوچە کەمتر ئاڵۆزەکان تووشی کێشە دەکات و جێبەجێکردنی ڕوبەڕوی ئاستەنگ دەکاتەوە.
ڕووسیا:
هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی دەستەی تەحریری شام. وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە دۆخی حەلەب پێشێلکردنی سەروەری و دەسەڵاتی سوریایە. دیمێتری پسکۆف ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا و ناوچەکە دەکاتەوە.
هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر دەستەی تەحریری شام هێندە لە کاتی خۆیدا نەبووە و دواکەوتنێکی بەئەنقەستی بەدواوە بووە. هەندێک دەڵێن ئەمە چەشنێک لە گوشاری پوتینە تا ئەسەد ناچار بە دانوستان لە گەڵ ئەردۆغان بکات، هەندێکی دیکە دەڵێن کە ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرایناوە سەرقاڵە و ئاساییە کە لە شەڕی سوریادا وەها بێت. دیمەشق چاوەڕوانی ئەوە دەکات هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشێکی بەربڵاو بکاتە سەر پێگەی تیرۆریستانی تەحریری شام.
ئێران:
تیرۆریستانی تەحریری شام یەکێک لە ڕاوێژکارانی باڵای سەربازیی ئێرانیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای حەلەب بە ناوی کەیومەرس پورهاشمی شەهید کرد. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لە 9 ی تشرینی دووەمی 2024 دا ڕژێمی زایۆنیستی بۆ یەکەم جار ناوچەکانی نزیک حەلەبی بۆردومان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ هاوتا سورییەکەی، جەختی لە سەر پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتە لە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکاندا کردەوە. چەندین سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە ئێران بەرگری لە حەلەب دەکات و بۆ ئەوەش ئامادە دەبێت و ئەمەش بۆ مانەوەی ئێران لە سوریا بە گرنگ دادەنرێت.
حکومەتی سوریا:
سوپای سوریا هێزی نوێی بەرەو حەلەب ناردووە و باس لە ژمارەیەکی 50 هەزار کەسی دەکرێت. دیمەشق لەم شەڕەدا پشت بە هێزی ئاسمانی ڕووسیا دەبەستێت، بەو مەرجەی پوتین بە هۆی بەرژەوەندی هاوبەشی لە گەڵ ئەردۆغان ئەو ئەرکە بە تەواوی ئەنجام بدات.
چەند سەرچاوەیەکیش لە نەیارانی سوریا ڕایانگەیاندووە کە سوپای ئەم وڵاتە بۆ شەڕی حەلەب ئامادە نەبووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیانی بەرکەوتووە و هەندێک تێبینیش ئەوەیە کە ڕەنگە سوپای سوریا پێشتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان پشتی بە حزبوڵڵای لوبنان بەستبێت.
هەسەدە:
هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە هاتنەوەی ترەمپ بۆ لوتکەی دەسەڵاتی ئەمریکا هەست بە نیگەرانی دەکەن. ئەوان دەڵێن ترەمپ لە کۆتایی ساڵی 2019 دا هەندیک لە هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا کشاندەوە و لە لایەکی دیکەوە لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی سەر بە تورکیا بێدەنگیی هەڵبژارد و ڕەنگە دیسانەوە سیناریۆیەکی هاوبەشی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان لە سوریا ببینرێتەوە.
هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بە دوژمنی دەستەی تەحریری شام دادەنرێن بەڵام لەم کاتەدا هیچ هەڵوێستێکیان لە سەر دۆخی حەلەب نەبووە. هەسەدە لە بەرامبەر ئەگەری پیلانگێڕییەکی نوێی ئەردۆغان لە ڕێگای ئەم تیرۆریستانەوە هەست بە نیگەرانی دەکات.
لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە کە ئایا هێڵەکانی بەرکەوتنی سێ ناوچە ئاماژەپێکراوەکەی سوریا بۆ دۆخی پێش 28 ی تشرینی دووەمی 2024 دەگەڕێنەوە؟ یان سوریا بە هۆی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ڕوبەڕوی دۆخێکی نوێی سەربازی بووەتەوە؟/.