بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە سعوودیە هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنی ترەمپ و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ئەمریکا، هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەدات.
سەرچاوە ئاگادارەکان بەم میدیا ئەمریکییەیان ڕاگەیاندووە کە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە کە بە کردەوە دەسەڵاتداری یەکەمی ئەم وڵاتەیە، لە هەفتەکانی ڕابردوودا پێشنیاری زیاترکردنی هاوکارییە بازرگانییەکانی بە ئێران داوە.
دوو سەرچاوە کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە، ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی بن سەلمان لەم پێشنیارە، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها کەمکردنەوەی پشتیوانی ئێران لە گرووپەکانی ناوچەکەیە.
سعوودیە لە لایەکی دیکەوە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا دەدات و بە لایەوە گرنگە کە هاوکات پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ تاران و واشنتندا هەبێت.
هێشتا دیار نییە بن سەلمان چ پێشنیارێکی بە لایەنی ئێرانی داوە بەڵام سەرچاوەیەک کە ڕۆڵی لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە ساڵی 2023 دا هەبووە، بە ئاژانسی بلۆمبێرگی ڕاگەیاندووە کە بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەتوانێت لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا لە سەر بەرەهەمە خۆراکی و دەرمانییەکان بێت کە لە دەرەوەی سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادان./.