بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پێی خەمڵاندەكانی زانكۆی پزیشكی كینگ جۆرج و سێ نەخۆشخانەی حكومی لە ھیندستان، ژمارەی حاڵەتەكانی ھەڵكێشانی فشاری خوێن و جەڵتەی دڵ لەم سەرەتایەی وەرزی سەرماوە بە ڕاددەی ٢٥٪ زیادیان كردووە.
د.ئاشوتوش دوبی دەڵێت دابەزینی پلەی گەرمی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و چالاكبوونی پرۆسەی زیندەپاڵ، ئەوەش فشارێكی زۆر دەخاتە سەر ئەندامەكامی جەستە. سەرما دیواری بۆرییەكانی خوێن گرژدەكات، جەستەش خۆی زۆر ماندوو دەكات تاكو گەرمیی زۆرتر درووست بكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وەرزی سەرما و فشارێكی زۆر لە سەر ئەو بۆرییە گرژبووانە درووست دەكات، ئەوەش ڕێگە خۆشدەكات بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ و مێشك.
پرۆفیسۆر سونیل پرادان لە ئەنیستیتۆ پزیشكیی گاندی، ڕوونكردنەوەی زۆرتر دەدات و دەڵێت کە مەترسی جەڵتەی مێشك لە زستاندا دوو ھێندە زیاددەكات.
جەڵتەی دڵیش ھەروەھا لە زستاندا دوو ھێندە زیاد دەكات. پرۆفیسۆر ئاركەی ساران، سەرۆكی پێشووی بەشی دڵ لە زانكۆی پزیشكی كینگ جۆرج دڵێت کە لە زستاندا خوێن خەست و لینجتر دەبێت، ئەوەش كڵۆبوونی خوێن زیاد دەكات.
دكتۆر ئابیشێك شوكلا، پزیشكی پسپۆری بەساڵاچوان، دەڵێت كەسانی بەتەمەن دەبێت زۆرتر ئاگاداری تەندرووستیان بن. لە زستاندا ئاستی كۆلیسترۆڵی خوێن بەرزدەبێتەوە، پەتا زساتنییەكانیش پرۆسەی ھەوكردن لە جەسەتدا تاو دەدەن، ئەوەش ھانی تەقین و دەرچونی كڵۆكانی خوێن دەدات، كە ھەریەكە لە جەڵتەی دڵ و مێشك زۆرتر دەكات./.