بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایان کاریگەری ڕووداوەکانی سوریا لە سەر عێراق بە بچووک دەزانن و لەو بڕوایەدان کە گرووپی تیرۆریستی داعش ناتوانێت وەک ڕابردوو لەم وڵاتەدا چالاکی بکات.
بە بۆچوونی شارەزایان، داعش بە هۆی لەدەستدانی پێگەی جوگرافی و جەماوەریی خۆی و هەروەها بە هۆی ئەزموون و لێهاتوویی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، چیدی توانای گەڕانەوەی بۆ ئەم وڵاتە نییە.
هێزە چەکدارەکانی عێراق پاش ڕووداوەکانی حەلەبی سوریا و چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کەوتوونەیە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
عێراق لە ڕووی ئەمنی و سەربازی بە تایبەت پاراستنی سنورەکانەوە ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو گرتووەتەبەر و ئەمەش بە هۆی مەترسییەکانی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و جموجوڵی گرووپە تیرۆریستییەکانی باکور و ڤاکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا گیراوەتەبەر.
داعش هەموو کات کەڵک لە ئاڵۆزییەکانی سوریا وەردەگرێت و ئەمەش لە ساڵی 2011 بینرا و پاشان لە ساڵی 2014 لە هەندێک ناوچەی سوننەنشینی عێراق وەک دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنەوە و چالاکی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بەکارهێنرا و بەمەش خەلافەتی داعش لە عێراق و سوریا پێکهێنرا.
بە بۆچوونی هەندێک لە شارەزایان، داعش لە چەند مانگی داهاتوو جموجوڵ و چالاکییەکانی دەست پێدەکاتەوە و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات شوێنپێی خۆی لە عێراقیشدا بکاتەوە بەڵام ووشیاری هێزە چەکدارەکانی عێراق دەتوانێت ڕێگری لەم پیلانگێڕییە بکات./.