بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە سەردانی سوریای کرد و لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە. کۆبوونەوەکەش لە کاتێکدا بووە کە گرووپە تیرۆریستییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سوریا چالاککراونەتەوە و دەستیان بە سەر شاری حەلەبدا گرتووە.
عێراقچی ڕایگەیاند کە پەیامێکی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار، ڕاشکاوانە و دۆستانەی لە گەڵ سەرۆک کۆماری سوریا هەبووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و ناوچەکە بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا. هەرچەندە هەلومەرجەکە دژوارە بەڵام ورەی سەرۆک کۆماری سوریا جێی ستایشکردنە.
عێراقچی وتی: گرووپە تیرۆریستییەکان وا دەزانن دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە و دەتوانن چالاکی بکەن بەڵام ڕوبەڕویان دەبنەوە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە وردەکاری پشتیوانی و هاوکاریکردنی سوریا وتووێژ کرا./.