بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان ڕایگەیاند: ئەو هێرشانەی کە نەیارانی سوریا بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام و بە بەشداری هێزی بیانی جێبەجێیان کردووە، کە لە بەیاننامەکەی سوپای سوریادا ڕوون نەکراوەتەوە و ڕەنگە بەکرێگیراوانی تورکی، ئۆکراینی و لە وڵاتانی دیکەشەوە بن، ڕووداوێکی سادە نییە، بەڵکوو پیلانێکی ئەمریکی، زایۆنیستی و تورکییە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ژوورە نهێنییەکاندا ئامادەکاری بۆ کراوە.
ناوبراو وتی: ئێمە ڕوبەڕوی سیناریۆی ساڵی 2011 بووینەتەوە کە چۆن بە هەمان شێوە هێرش کرایە سەر حەلەب. سوپای سوریا بۆ ڕێگری لە زیانی زیاتر بە شێوەی تەکتیکی کشاوەتەوە و لە داهاتوودا بە ڕێکخستنەوەی خۆی و بە پشتیوانی هێزی زیاتر شەڕی ئەو گرووپانە دەست پێدەکاتەوە.
عەتوان وتی: ئەوەی کە لە سوریادا ڕوو دەدات، دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی 1991 ی ئەمریکا لە عێراقە، واتە گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵک تا کاتی هێرش و داگیرکاری سەربازی و پاش 12 ساڵ ڕژێمی سەدامی ڕووخاند، بەڵام ئەم سیناریۆیە بۆ سوریا کە سوپایەکی گەورەی هەیە و چەندین هاوپەیمانی ستراتیژیی وەک ئێران، ڕووسیا و گرووپەکانی خۆڕاگری هەیە، ڕەنگە سەرکەوتوو نەبێت.
ئەو شرۆڤەکارە عەرەبە ڕایگەیاند: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕاستەوخۆ بەشداریی لەم پیلانەدا هەیە. ئەو ڕایگەیاندووە کە ئاگربەستی لوبنانی قبووڵ کردووە تا بە ئاسوودەییەوە ڕوبەڕوی لایەنەکانی دیکەی بەرەی خۆڕاگری ببێتەوە، هەر بۆیە شەڕ لە سوریا دەستیپێکردووەتەوە.
عەبدولباری عەتوان وتی: هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەنکەرە پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی حەلەب و ئیدلب لە باکوری سوریادا نییە بەڵام کەس بڕوای بەمە نییە. تورکیا پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی سوریا بە تایبەت دەستەی تەحریری شام دەکات و ئەستەمە بە بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری تورکیا هێرشەکەی حەلەب کرابێت. ئەم دەستێوەردانە کاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا دەبێت. ئەم ڕووداوانە تەنیا پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکانی سووچی و ئاستانە نییە و ڕەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی تورکیا و ڕووسیا لە خاکی سوریا.
ناوبراو وتی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەگەر دەیەوێت ئاوارەکانی سوریا بۆ ئەم وڵاتە بگەڕێنێتەوە، تووشی هەڵە بووە، لە بەر ئەوەی کە پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدات و سەدان هەزار ئاوارەی نوێ لە سوریاوە ڕوو لە تورکیا دەکەن.
وتیشی کە بەکارهێنانی مووشەک و درۆنی ئۆکراینا لەم شەڕەدا تێپەڕکردنی هێڵی سووری ڕووسیایە و پیشاندەری ڕۆڵ و پیلانی نهێنی و هاوبەشی تورکیا و ئۆکراینایە.
عەبدولباری عەتوان وتی: کاتێک لە ئایاری 2023 لە گەڵ بەشار ئەسەد لە ماڵەکەی خۆی کۆبوومەوە، پێمی ڕاگەیاند کە متمانەی بە ئەردۆغان نییە و لە گەڵیدا کۆنابێتەوە، مەگەر پاس کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە سوریا.
ناوبراو وتی: شانسی سەرکەوتنی پیلانە هاوبەشەکەی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و تورکیا بۆ دابەشکردنی دووبارەی سوریا و گۆڕینی دەسەڵاتەکەی لە پێناو سیناریۆکەی نتانیاهۆ و داڕشتنی نەخشەی نوێی ناوچەکە، زۆر نییە، نابێت ئێران و ڕووسیا دەستەوەستان بن و بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر ئەم پیلانەدا هەنگاوی بەهێزیان دەبێت./.