بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ناو شاری سلێمانی دەتوانین ئاماژە بەمانە بدەین:
پارکی هەواری شار
پارکی هەواری شار بە دووری دە کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سلێمانییەوە و بە دیاریکراوی لە سەر ڕێگای سلێمانی قەیوانە، لە ڕووی ڕووبەری سەوزاییەوە بە گەورەترین پارکی عێراق دادەنرێت و دووەم گەورەترین پارکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٤٠٠ دۆنمە، لە پارکەکە ٣٠٠٠ جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە و لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کراوەتەوە و هەموو ڕۆژانی هەفتە پارکەکە بە ڕووی سەردانیکەرانی کراوەیە، پانتاییەکی فراوانی سەوزایی تێدایە و بۆ وەرزشی پیادەڕەوی و پاسکیلسوای بەکاردەهێنرێت، هەروەها بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پشوووەرگرتن سەردانی دەکرێت.
سەرچنار
هاوینەهەوار و سەیرانگای سەرچنار بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانییەوە دوور، شوێنەکە سەرچاوەی ئاوێکی هەیە کە ئاوەکەی هەڵقوڵاو ژێرگرد و بەرزاییەکانی ناوچەکەیە و دەوروبەری دار و سەوزاییە. لە سەرچنار میوانخانە و شوێنی پشوودان و خواردنگە و خزمەتگوزاری هەمەجۆر بۆ گەشتیاران و سەردانیکەران دابینکراوە.
پارکی ئازادی
پارکی ئازادی بە یەکێک لە پارکە کۆن و گەورەکانی سلێمانی دادەنرێت و دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو درووستکراوە، شوێنێکی فراوانە و سەردانیکەران بۆ پشوو وەرگرتن سەردانی دەکەن.
باخی گشتی
باخی گشتی سلێمانی ڕووبەرەکەی ١٢ دۆنمە و لە ساڵی ١٩٣٧ـەوە دامەزراوە و بە کۆنترین باخی سلێمانی دادەنرێت، لەم باخەدا پەیکەری زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانی کورد بوونی هەیە، هاوکات لەم باخە ماڵی کۆترەکانیش بوونی هەیە لەوێ وەک دیمەنێکی جوان دانراون و ماڵی کراون، خەڵکی بۆ وێنەگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن. چوونەژوورەوە بۆ پارکەکە بێ بەرانبەرە و پارکەکە دەکەوێتە سەر شەقامی سالم.
چاڤی لاند
پارک و شاری یاری چاڤی لاند لە ساڵی ٢٠١٣ لە سەر بەرزاییەکانی گۆیژە درووستکراوە و ڕووبەرەکەی ٣٨٠ دۆنمە و بە یەکێک لە پارکە گەورەکانی سلێمانی و عێراق دادەنرێت. 50 جۆر یاری تێدایە و ئەکواپارک، مۆزەخانەی کەسایەتییەکان، سینەما، خواردنگە، شوێنی پشوودان لەخۆدەگرێت.
ئەکواپارکی چاڤی لاند لە شەش مەلەوانگە پێکهاتووە و خلیسکێنە و یاری ئاوییەکەی بەرزییەکەیان ١٥ مەترە و درێژییەکەیشیان دەگاته ٤٠ مەتر و مەلەوانگەی تایبەت بە منداڵانیشی تێدایە. گەشتیارێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی سلێمانی بۆ بەسەربەردنی کاتێکی خۆش سەردانی چاڤی لاند دەکەن.
مۆزەخانەی سلێمانی
مۆزەخانەی سلێمانی شوێنێکی کەلتوری و مێژووییە و دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە، لەدوای مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقی لە بەغدا لە ڕووی ژمارەی پێکهاتەکانییەوە بە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی عێراق دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٦١ـەوە دامەزراوە. ڕووبەری شوێنەکە شەش هەزار مەتری دووجایە و لە یەک نهۆم کە هۆڵێکی فراوانە پێکهاتووە.
پێکهاتە شوێنەوارییەکانی مۆزەخانەکە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو، نموونەی سەردەمی کۆن و دێرین، لە گەڵ چەند شوێنەوارێکی سەردەمی ئیسلامی و عوسمانی. چوونەژوورەوە بۆ مۆزەخانەکە بە خۆڕاییە و سەردانیکەرانی دەتوانن هەموو ڕۆژانی هەفتە جگە لە ڕۆژی هەینی لە کاتژمێر دەی بەیانیان تاکوو ٥:٣٠ـی ئێوارە سەردانی بکەن./.