بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامەکانی سەرژمێری دانیشتووان و نیشتەجێبوون دەریدەخەن کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لەم وڵاتەدا کەمیکردووە و ئەم وڵاتە شاهیدی تەقینەوەی دانیشتووان نییە.
هەرچەندە پسپۆڕان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان لە گەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق هاوڕان، بەڵام ئاماژەیان بەوەدا کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەردەوامە و ئەم بابەتە وڵات دەخاتە بەردەم کەمییەکی بەرفراوان بەتایبەت لە بواری هەلی کاردا.
ئەم شارەزایانە هۆشدارییان داوە کە ژمارەی هێزی کاری گەنج لە داهاتوودا دەبێتە کێشە.
پێشتر محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەس.
لەمبارەیەوە عەبدولزەهرا ئەلهینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە لە حاڵەتی تەقینەوەی دانیشتوواندا نییە، چونکە ئەنجامی سەرژمێری ئێستا کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان نیشان دەدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لە 10 ساڵی ڕابردوودا 3.3% بووە، بەڵام لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 2.5% بووە، لەم سەرژمێرییەی دواییدا ڕێژەی گەشەی دانیشتووان بۆ 2.3% دابەزیوە.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕوونیشیکردووەتەوە کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان کەمبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی کە ئەگەری تەقینەوەی دانیشتووان بە دوور دابنرێت، بەڵام ئەم زیادبوونەی ڕێژەی دانیشتووان بە ئاسایی دادەنرێت چونکە هەموو زیندەوەرێک گەشە دەکات و تەنانەت مامناوەندی ژمارەی ئەندامانی خێزانیش لە عێراق کەمیکردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەو داتایەی لە سەرژمێرییەکەدا خراوەتەڕوو، ئاسایی و پێشبینیکراوە، ئەم ئامارە زۆر گرنگە و ئامانج لە سەرژمێریش بۆ زانینی بۆشایی گەشە و خاڵە لاوازەکان و هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەیە کە بۆ پلانی گەشەپێدانی وڵات لە لایەن حکومەتەوە بە پێویست دادەنرێت.
بڕیارە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان و نیشتەجێبوون تا 10ی کانونی یەکەمی 2024 بەردەوام بێت بۆ دیاریکردنی ئاستی بژێوی ژیان و نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندرووستی و پرسەکانی تر.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 70.3%ی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە شارەکان و 29.7% لە گوندەکاندا دەژین.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە ژمارەی پیاوان گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەس، واتە لەسەدا 50.18 ی دانیشتووان و ژمارەی ژنانیش گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەس، واتە لەسەدا 48.82 ی دانیشتووانی عێراق.
سودانی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو خێزانانەی لە لایەن ئافرەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن لە سەدا 11.33 و ژمارەی ئەو خێزانانەش لە لایەن پیاوانەوە سەرپەرشتی دەکرێن لە سەدا 88.67 پێک دێنن. هەروەها 8 ملیۆن و 37 هەزار و 221 خانوو لە عێراقدا هەیە کە لە سەدا 92.1 ی خانووی تایبەت، لە سەدا 6.6 ی شوقە و لە سەدا 4 ی خانووی کۆنە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.
لەمبارەیەوە عەلی عەبدولئەمیر مامۆستای جوگرافیای مرۆیی لە زانکۆی بەغدا ڕایگەیاندووە کە عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتەکانی ناوچەکە لە ڕووی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەوە، بەو پێیەی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گەشەیەکی بەرزیان هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەرچەندە بە پێی سەرژمێرییەکان ڕێژەی گەشەکردن کەمیکردووە، بەڵام ئەم دابەزینە خاو دەبێتەوە.
عەبدولئەمیر ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێژەی دانیشتووانە کە بە پشت بەستن بە سەرژمێری دیاریکراوە، پێشبینیکراو بووە، لە بەر ئەوەی کە پێشبینی کرابوو ڕێژەی دانیشتووان بگاتە 44 تا 45 ملیۆن کەس، هەرچەندە ڕێژەی گەشە کەمبووەتەوە، بەڵام زیادبوونی دانیشتووان هێشتا زۆرە. کێشەی گەورەش ئەوەیە کە ڕێژەی دانیشتووان زیاد بکات، خزمەتگوزاری و پێداویستی دەوێت، هەر بۆیە پێویستە هاوتەریب لە گەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان، گەشەی ئابوری و خزمەتگوزاریش هەبێت کە لە ئێستادا ئەمە لە عێراق بوونی نییە.
ئەو مامۆستایەی جوگرافیای مرۆیی پێشبینی کردووە کە عێراق لە ساڵانی داهاتوودا ڕوبەڕوی کورتهێنانێکی بەرچاوی گەشەپێدان دەبێتەوە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ئێستاوە ڕوبەڕوی کورتهێنان بووەتەوە، بەو پێیەی کەلێنی نێوان گەشەی دانیشتووان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان پێدەکرێت فراوانتر دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم ئامارە نوێیە پێویستی بە دانانی پلان هەیە و ئەم بابەتەش لە بەرامبەردا پێویستی بە تێچوو هەیە و ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی کە عێراق لە داهاتوودا ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئامارێکی گرنگ لەم سەرژمێرییە بەدەست هاتووە و ئەویش ژمارەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردنە کە گەیشتووەتە ٦٠.٢٪ و ئەمەش بەو مانایەیە کە عێراق چووەتە قۆناغی مەترسییەوە کە ئەگەر بە باشی کەڵک لەم دەرفەتە وەرنەگیرێت، ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەک لە سەر ئەم وڵاتە.
عەبدولئەمیر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پێوەرە وڵات دەخاتە بەردەم تەحەددایەکی گەورە و ئەویش دابینکردنی پێداویستی دانیشتووانە بۆ کارکردن و ئەگەر ئەمە ڕووبدات ڕێژەی هەژاری کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەم بابەتە پەیوەستە بە سیاسەتەکانی حکومەت و ئابوری، ژینگە، بازاڕی کار و کەرتی تایبەت پەیوەندی بەوەوە هەیە و ئەگەر حکومەت نەتوانێت کارەکە دابین بکات، کێشەی زۆر سەرهەڵدەدات.
لە لایەکی دیکەوە عەلی جەبار شارەزا لە بواری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ڕوونیکردووەتەوە کە ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری کۆمەڵێک تەحەددا نیشان دەدەن، وەک ئەوەی لە دوای سەرژمێری ساڵی 1977ەوە ژمارەی دانیشتووان زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، کە نزیکەی 22 ملیۆن، و ئەم زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە ماوەی تەنیا سێ دەیەدا زۆر نیگەرانکەرە و نەبوونی سیاسەتی گەشەپێدان نیشان دەدات، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وڵاتەکە لە ڕووی ئابوری و ژێرخانی خزمەتگوزارییەوە کێشەی هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق تا ئێستاش بە یەکێک لە کۆمەڵگە گەنجەکان دادەنرێت، ئەمەش وادەکات سوودە ئابورییەکانی ئەم بارودۆخە بەکار بێنێت، بەڵام عێراق ئەم سوودەی کردووەتە کارەسات لە ڕووی بێکارییەوە، چونکە هاوسەنگییەک لە نێوان هەلی کار و ئەم هێزەی کارەدا بوونی نییە و بێگومان ئەم هێزی کارە پیشەیی و ڕاهێنراو نییە.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە خوێندنەوەی ئاماری سەرژمێری ئاماژەیە بۆ توندبوونەوەی کێشەی نیشتەجێبوون کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین تەحەدداکان دادەنرێت، ئەمە جگە لەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان زۆر نزمە.
ئەم شارەزایەی بەرێوەبردنی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئاماری سەرژمێری دەریدەخات قەبارەی خزمەتگوزارییەکانی ئێستا لە بواری تەندرووستی، پەروەردە، خزمەتگوزاری و هتد بەشی 60%ی دانیشتوانی عێراق ناکات.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان 2.3%، واتە ڕێژەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ساڵێکدا زیاد دەکات، هەروەها هێزی کاریش 60%ی کۆی دانیشتووانە، واتە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 622 هەزار هەلی کار هەیە لە ساڵێکدا./.