بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیروانی لە کۆبوونەوەی شەوی سێ شەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی سوریا، وتی: ئێران بە تەواوی پشتیوانی لە مافی دەسەڵاتی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک تەحریری شام دەکات.
ناوبراو نیگەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕووداوەکانی سوریا خستەڕوو و ڕایگەیاند کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە بە تایبەت کردەوە سەربازییەکانی گرووپی تیرۆریستی تەحریری شام وەک باڵێکی قاعیدە ناسراو بە بەرەی نوسرە، هەڕەشەی جیدیی خستووەتە سەر دەسەڵات و سەقامگیری سوریا.
ئیروانی وتی: قەبارە و ئاڵۆزی ئۆپەراسیۆنەکانی تەحریری شام، لەوانەش بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ پشتیوانی دەرەکی و بە دیاریکراوی لە لایەن ئەمریکاوە کە تیرۆری کردووەتە ئامرازی بەدیهاتنی ئامانجە سیاسییەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا.
باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەو وڵاتانەی کە بەرپرسی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانن، دەبێت لە بەرامبەر کردەوەکانیان و ئەو لێکەوتە وێرانکەرانەی بە سەر گەلی سوریادا سەپاندوویانە، وەڵامدەرەوە بن و لێپرسینەوەیان لە گەڵدا بکرێت.
ئەمیرسەعید ئیروانی جەختیکردەوە کە ئەوەی لە حەلەب و ئیدلب ڕوویدا، هۆشدارییەکە بۆ هەموو ناوچەکە و سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و توندڕەوی و هەر ناسەقامگیری و تەشەنەسەندنی تیرۆر و توندووتیژی تەنیا لە سوریا سنوردار نابێت و دەرەنجامەکانی زیاتر لە ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە./.