بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا وێڕای ئاماژە بە سەردانەکەی ڕۆژانی ڕابردووی بۆ سوریا و تورکیا و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە، جەختی لە سەر بەردەوامی پشتیوانی تاران بۆ گەل و حکومەت و سوپای سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا کردەوە.
ناوبراو هەروەها چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی لە سوریا بە مەترسییەکی جیدی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ناو برد و بەردەوامی هەوڵ و ڕاوێژی دیپلۆماسیی لە نێوان وڵاتانی گرنگ و کاریگەر بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە بە پێویست زانی.
لە درێژەی ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر بە ئاماژە بە پەیوەندی تەلەفوونی ڕۆژانی ڕابردووی لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، جەختی لە سەر سیاسەتی قاهیرە بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵات و یەکپارچەیی و دامەزراوە یاساییەکانی سوریا کردەوە./.