بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا، وێڕای وەبیرهێنانەوەی هەڵوێستی ئەرێنیی تاران لە ڕێزگرتن لە یەکگرتوویی، سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سوریا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لە سەر داهاتووی ئەم وڵاتە، تاکە بەرپرسیارێتی خەڵکەکەیەکتی بە بێ دەستێوەردانی تێکدەرانە و سەپاندنی دەرەکی.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە وەدیهاتنی ئەم ئەرکە پێویستی بە کۆتایی هاتنی ململانێ سەربازییەکان بە زووترین کات و پێشگرتن لە کردەوە تیرۆریستیەکان و دەستپێکردنی وتووێژی نیشتمانی بە بەشداری هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی کە کۆمەڵگای سوریا پێکدەهێنن لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی هەمەلایەنە کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی ئەم وڵاتە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە تاران پشتیوانی لە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان لە سەر بنەمای بڕیارنامەی ژماە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە لە پێناو پەیرەکردنی پرۆسەی سیاسی لە سوریا و پەیوەندی بنیاتنەر لە گەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لەم دۆخەدا کە سوریا لە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداری مێژووی خۆیدایە، زۆر پێویستە ئاسایشی هەموو هاووڵاتیانی سوریا و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە دەستەبەر بکرێت، هەروەها پاراستنی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکان، بە هەمان شێوە وەک پاراستنی شوێنە دیپلۆماسی و نوێنەرایەتییە سیاسییەکان بە پێی ستانداردەکانی یاسای نێودەوڵەتی بە پێویست دادەنرێت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی ئێران و سوریا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەمیشە دۆستانە بووە و پێشبینیش دەکرێت ئەو پەیوەندییانە بەو ڕوانگەی ژیرانە و دووربینانە بەردەوام بن لە هەردوو وڵات لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییە نێودەوڵەتییەکان.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەختکردنەوە لە سەر پێگەی سوریا وەک وڵاتێکی گرنگ و کاریگەر لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، درێغی ناکات لە هیچ هەوڵێک بۆ یارمەتیدان لە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و بۆ ئەم مەبەستەش ڕاوێژ لە گەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسیەی سوریا بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای چاودێری وردی پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوت و ئەدای ئەکتەرە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی سوریا، تێڕوانین و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر./.