بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆ تاوتوێکردنی پرسیاری داهاتووی ئێران و بەرەی خۆڕاگری لە داهاتووی سوریا، چوار بابەتی سەرەکی باس دەکرێت کە بریتین لە:
یەکەم:
چارەنووسی پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگری لە پاش کەوتنی ئەسەد چۆن دەبێت؟ ئێران لە کاتێکدا یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی پشتیوانی ئاسان و دڵنیاکەرەوەی خۆیی بۆ پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگری بە تایبەت حزبوڵڵای لوبنان لە دەست داوە کە تا پێش ئەمەش سوریا یەکەم ڕێگای پشتیوانی نەبووە. وێڕای ئەوەی کە بەرەی خۆڕاگری ئەزموونی سەرکەوتووی ڕابردووی هەیە کە ئەگەر ئیرادە بکات و بڕیار بدات، دەتوانێت سەرەڕای گەمارۆ و داخرانی سەرجەم ڕێگاکان، بگاتە توانا و هێزی خۆی. یەمەن و غەززە دوو نموونەی ئاشکران کە لەم ساڵانەدا سەرەڕای ئەو هەموو سزا و گەمارۆیە لەوەدا سەرکەوتوو بوون بگەنە هێز و توانای سەربازی.
دووەم:
چارەنووسی هێزی بەرەی خۆڕاگری لە پاش کەوتنی ئەسەد چی دەبێت؟ ئایا بەرەی خۆڕاگری بەرەو لاوازبوون دەڕوات؟ بۆشایی دەسەڵاتێکی هاوپەیمان لە دیمەشق بۆ ئێران و بەرەی خۆڕاگری بابەتێکی زۆر قورس و نیگەرانکەرەوەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی خۆڕاگری بژاردەی دیکەی لەبەردەستە. ئێران دەتوانێت بەشێکی دیکەی بەرەی خۆڕاگری وەک یەمەن یان ناوچەکانی دیکە وەها بەهێز بکات کە هاوسەنگی هێز دیسانەوە بپارێزێت. لە لایەکی دیکەوە لە ناوخۆی ئێرانیش لە بواری چەک و کەرەستەی سەربازی دەکرێت گۆڕانکاری وەها بکرێت کە بە گشتی یاساکانی هێز لە ناوچەکە بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. مسۆگەربوونی هەموو ئەمانەش بەندە بە ئیرادەی تاران و چۆنیەتی هەڵسووکەوتی لایەنی بەرامبەر لە پاش ڕووداوەکانی ئێستای سوریا.
سێهەم:
ئێران بڕبڕەی پشتی تەواوی بەرەی خۆڕاگرییە، قۆڵی ئەم بڕبڕەی پشتە بریندار بووە، تەنانەت ئەگەر قورسیش بێت، بەڵام جەستەی ئەم بڕبڕەی پشتە لە تاران ئەوەندە بەهێزە کە بە هۆی ئەو وەشانەی کە لە سوریا جێبەجێ دەکرێن یان شتی تر لاواز نابێت. ئێران پیلانی گەورەتری ناوخۆیی بەراورد بە ڕووداوەکانی سوریا تێپەڕاندووە و بە هێز و کاریگەری خۆیەوە ماوەتەوە. بۆیە کاتێک ئەم ئەزموونە هێشتا لە ناوخۆدا بەهێزە، دەتوانێت بە شێوازی نوێتر بە دوای خۆيێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی بەرەی خۆڕاگریدا بێت و پلانی نوێ بە ئەنجام بگات.
چوارەم:
ئێران ڕەگ و ڕیشەی لە سوریادا هەیە و دۆسیەی دیمەشق لە دوای بەشار ئەسەدیش بە ئاسانی بۆ کۆماری ئیسلامی داناخرێت. تاران لە ڕێگای جۆراوجۆری سەپاندنی داخوازییە ڕەواکانییەوە، بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلام و بەرژەوەندی هەموو چین و توێژەکانی خەڵک و گرووپەکانی سوریا دەکات و بە پێی ڕووداوە سیاسییەکان مامەڵە لە گەڵ ئەکتەرە نوێیەکانی دەسەڵات لە سوریا و ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات. هەروەها بە پێی ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژانی داهاتوو مامەڵە لە گەڵ پێشهاتەکانی سوریادا دەکات، بەڵام پێویستە لایەنی بەرامبەر زۆر باش بزانێت کە تەنیا لەم بژاردەیەدا سنوردار نابێت./.