بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەکبەری باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا سەبارەت بە کەوتنی دیمەشق و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، وتی: پاش ئەوەی کە گرووپە چەکدارەکان بگەنە دیمەشق، پایتەخت تووشی جۆرێک لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بوو و بە جۆرێک کەوتبوو. لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی سوریا شەوی شەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاردا کە هیچ بەرگرییەک لە پایتەختدا نەکرێت و بە شێوازی ئاشتیانە تەواوی حکومەت و بەشە جیاجیاکانی ڕادەست بکەن و ئەمەش لە بەیاننامەیەکی سەرۆک وەزیراندا بە خەڵک و لە ڕاستیدا بۆ هێزە چەکدارەکانی سوریا ڕاگەێندرا.
ناوبراو بە ئاماژە بە گەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بۆ دیمەشق وتی: ئەمە بابەتێکی پێشبینیکراو بوو و لە پێناو ئەمەشدا ڕێوشوێنی پێویست لە باڵیۆزخانەدا گیرایەبەر و کاتێک دەسدرێژی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە سوریا، هیچ یەک لە هاوکارانی ئێمە لە دەزگا جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوێدا نەبوون.
ئەکبەری ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەدا بەشێک لە پێداویستییەکان لە باڵیۆزخانە برانە دەرەوە و خۆشبەختانە زیان بە هیچ یەک لە دیپلۆماتکاران و فەرمانبەرانی خۆجێی نەگەیشت، بەڵام هەندێک لە کەرەستە و پێداویستییەکان کە لە بینای باڵیۆزخانەدا مابوونەوە، زیانیان پێگەیشت.
باڵیۆزی ئێران لە سوریا وتی: ئەم دەسدرێژییە بە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و ئەوانەی بە جۆرێک جموجوڵەکانی خۆیان لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە لە سوریا دەستپێکرد و بەشە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەیان کۆنتڕۆڵ کرد، دەبوو پێشبینی پێویستیان سەبارەت بەم پرسانە بکردایە کە وەهایان نەکرد.
حوسێن ئەکبەری وتی: پاش کەوتنی حۆمس، سوپای سوریا لە هیچ شوێنێکدا بەرگری و خۆڕاگریی نەکرد و تەنانەت خەڵکیش هیچ بەرگرییەکیان نەکرد و بەو دەرەنجامە گەیشتن کە دەبێت هەلومەرجەکە بە شێوازی ئاشتیانە ڕادەست بکەن تا خوێنی زیاتر نەڕێژرێت و ئەوەی کە هەر بەرگری و خۆڕاگرییەک ڕەنگە نەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت.
ناوبراو وتی: پاش کەوتنی حەلەب، ئیرادەی سیاسی و سەربازی و جەماوەری لە سوریا ئەوە بوو کە بە شێوازی ئاشتیانە ئەم ڕووداوە قبووڵ بکەن و ئەم هەلومەرجە ڕوویدا.
ئەکبەری وتی: من پێشبینیم دەکرد کە لە میانەی گۆڕانکارییەکانی سوریادا ڕوبەڕوی سێ گرووپ ببینەوە، گرووپێکی تێکدەر کە هەوڵی ڕووخاندن و تاڵانکردن دەدەن، گرووپی دووەم لایەنێکی ئەمنی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستییە کە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دەنێتەوە و گرووپی سێهەمیش ئەوەیە کە دەیەوێت حوکمڕانی بکات.
باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی سوریا و ئەوەی کە ڕەنگە چارەنووسی وەک لیبیا بێت و دابەش بکرێت، وتی: لە هەر وڵاتێک کە بیەوێت دابەش بکرێت دەبێت بەستێنی دابینکراو بێت، بە بۆچوونی من ئەم بابەتە ئەگەرێکی لاوازە لە سوریا ڕوو بدات.
حوسێن ئەکبەری وتی: ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە سوریا ببێتە شوێنی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی، بیانی و ڕژێمی زایۆنیستی و پێکهێنانی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز لە سوریا خوازراوی هەندێک لە وڵاتان نییە.
ناوبراو وتی: ڕەنگە بە هۆی دەستێوەردانی بێگانەکانەوە شەڕ و پێکددانەکان لە سوریا پەرە بستێنێت، بەڵام دەبێت گەلی سوریا لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیاندا ڕۆڵیان هەبێت و ئەگەر نەتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، ڕوبەڕوی پیلانی بێگانەکان دەبنەوە و لەم ڕووەوە ناتوانین داهاتوویەکی باش بۆ سوریا پێشبینی بکەین.
باڵیۆزی ئێران لە درێژەی لێدوانەکانیدا لە وەڵامی پرسیارێک کە جیاوازی سوریای ئەمڕۆ و سوریای 10 ساڵی ڕابردوو کە لە بەرامبەر داعشدا ڕاوەستا، چییە؟ وتی:هاوکێشەی هەر وڵاتێک بە هێزی سەربازی و بەرگری بۆ سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دیاری دەکرێت، کاتێک وڵاتێک توانای سەربازی بەهێزی هەبێت بڕیارێک دەدات و ئەگەر لەو بوارەدا لاواز بێت، سیاسەتمەدارەکانی ناچار دەبن هەڵوێستێکی دیکەیان هەبێت.
ئەکبەری وتی: بەم هۆیەوە بەشار ئەسەدیان خستە دووڕیانێکەوە کە یان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستیدا خۆی بە دەستەوە بدات یان شەڕ هەڵبژێرێت. بەشار ئەسەد دەیزانی کە ئەگەر شەڕ بکات تووشی شکست دەبێت و لە ڕاستیدا ئەمەی پێشبینی کردبوو، هەلومەرجەکەی خۆیی دەزانی و لە دۆخی لایەنی بەرامبەر و کردەوەکانیشی ئاگادار بوو.
باڵیۆزی ئێران وتی: بۆچوونی بەشار ئەسەد ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر ئەم شەڕەش قبووڵ بکەین باشتر لەوەیە کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمەدا خۆمان بە دەستەوە بدەین و مێژووی سوریا کە ساڵانێک لە بەرامبەر زایۆنیستەکاندا خۆڕاگریی کردووە ڕوبەڕوی پرسیار بکەینەوە.
حوسێن ئەکبەری سەبارەت بە کاردانەوەی ڕژێمی زایۆنیستیش وتی: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە نەمانی یەکێک لە دوژمنەکانی هەست بە خۆشحاڵی دەکات و دەیەوێت وەک ئیمتیازێک بۆ خۆی تۆماری بکات، بەڵام هاوکات نیگەرانییەکیشی هەیە کە ئەگەر ئەم گرووپە لە سوریادا جێگیر بێت و بەهێز بکرێت بە دڵنیاییەوە دەتوانێت هەڕەشەیەک لە سەر ئەو ڕژێمە بێت، هەر بۆیە هەندێک ڕێوشوێنی پێشگیرانەی گرتووەتەبەر و زایۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم گۆڕانکارییانە لە هەمان کاتدا کە دەرفەتە، دەتوانێت هەڕەشەش بێت.
ڕاشیگەیاند کە ئەم گرووپە چەکدارە لە باکورەوە هاتووە و کوردەکان و هەسەدەش لە باشور و ڕۆژهەڵاتەوە دێن و ئەمانە خاڵی هاوبەشیان نییە و ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانێت سوریا بکاتە گۆڕەپانی ململانێی هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی و لە داهاتوودا ڕەنگە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بێت./.