بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی لوفیگارۆ ڕایگەیاندووە کە ڕیاز حیجاب سەرۆک وەزیرانی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا دەبێت و بەمەش ئەمریکا ناچار نییە پەیوەندیی بە ئەبومحەممەد جۆلانی سەرکردەی دەستەی تەحریری شامەوە بێت کە بە تیرۆریستی دەزانێت.
بەشار ئەسەد لە 6 ی حوزەیرانی 2012 ڕیاز حیجابی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد بەڵام ناوبراو لە 6 ی ئابی هەمان ساڵدا جیابوونەوەی خۆیی لە دەسەڵاتی سوریا ڕاگەیاند و پەیوەندی بە نەیارانی ئەم وڵاتەوە کرد کە داوای ڕووخانی حکومەتی دیمەشقیان دەکرد.
ڕیاز حیجاب وەک ڕێکخەری گشتی شاندی باڵای دانوستانەکان لە ساڵی 2015 هەڵبژێردرا و دوو ساڵ پاش ئەمە دەستی لە کار کێشایەوە.
ناوبراو پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی سوریا، چەندین پۆستی دیکەی هەبووە، وەک پارێزگاری قەنەیتەرە لە ساڵی 2008 تا شوباتی ساڵی 2011 و پارێزگاری لازقیە لە کۆتایی هەمان مانگ و پاشان لە نیسانی 2011 وەک وەزیری کشتووکاڵ دەستنیشان کرا./.