لە یەک هەفتەی ڕابردوودا دۆخێک لە سوریا هاتە پێشەوە کە سەرەڕای هەڕەشەی جیدی و هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان، هیچ دەستێوەردانێک لە لایەن ئێرانەوە نەبینرا. ئەمەش بە پێچەوانەی قۆناغەکانی ڕابردووە کە ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی دیمەشقدا هەبووە، ئەم دۆخەش پیشاندەری گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی سوریا بووە.
یەکێک لە هێما ئاشکراکانی ئەم گۆڕانکارییە، ئەوەیە کە بەشار ئەسەد لەم قەیرانەدا داوای هاوکاریی لە ئێران نەکرد. ئێران کە بەردەوام وەک پشتیوانی سەرەکی حکومەتی سوریا لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکان دەناسرا، ئەمجارە کە هێزەکانی لە ناوچەکەدا چالاک و ئامادە بوون، هیچ داواکارییەکی بۆ دەستێوەردان لە لایەن دیمەشقەوە پێنەگەیشت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی ئەسەد لە ئێران و گۆڕینی سیاسەتی حکومەتی سوریا دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین، وەک:
1 – متمانەی ئەسەد بە وڵاتانی عەرەبی و پشت بەستن بە ڕێکەوتنەکانی سووچی و ئاستانە.
2 – نیگەرانی لە هەندێک لە بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی سوپای سوریا و ترسی ئەسەد لە کودەتا.
3 – پڕوپاگەندەی میدیایی دوژمنان و تۆمەتبارکردنی ئێران و بەرەی خۆڕاگری لە دۆخی ئابوری سوریا.
ئەم هۆکارانە نەک تەنیا بوونە هۆی کەمبوونەوەی هاوکاری و پشتیوانی ئێران لە سوریا، بەڵکوو دەرفەتی نوێی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا هێنایە پێشەوە. لەم هەلومەرجەدا بەرەی خۆڕاگری کە ڕۆڵی سەرەکیی لە بەردەوامی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هەبوو، لەم قۆناغەدا وازی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ هێنا و لە ئەنجامی ئەمەش گۆڕەپانەکە بووە شوێنی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ستراتیژی ئێران لە بەرامبەر بەرەی خۆڕاگری تووشی گۆڕانکاری نابێت: ” پشتیوانی بە مەرجی خۆڕاگری “.
کاتێک ئەسەد ویستی مانەوەی لە بەرەی خۆڕاگریدا نەبوو، هیچ هۆکارێک نەبوو کە ئێران تێچووی بەرکەوێت و ئێران رۆڵی گەورە و سەرەکیی خۆی بە شێوازێکی دیکە بۆ پشتیوانیکردنی بەرەی خۆڕاگری دەگێڕێت./.