بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میکانیزمی کارکردنی زەیتی زەیتون جیاوازترە لە کرێمی سپیکەرەوەی دەموچاو، بەوپێیەی زەیتی زەیتون بەرهەمهێنانی ڕەنگی میلانین لە دەموچاودا کەم ناکاتەوە یان قڵیشاندنی خانە مردووەکانی پێست زیاد ناکات، بەڵکو تەنها ئەو زیانانە کەمدەکاتەوە کە لە ئەنجامی بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆرەوە دروست دەبێت، وەکو ڕەنگ گۆڕانی پێست، ئەسمەربوون، چرچبوون، سووربوونەوە و خورانی پێست.
توێژینەوەیەک دەریخستووە کە زەیتی زەیتون نزیکەی لە سەدا 20 ی تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخشی خۆر دەگرێت، لە ڕێگای ئەمانەی خوارەوە:
بەرزکردنەوەی کاری پرۆتینی سروشتی پێست کە ڕێگری لەم تیشکانە دەکەن.
چەورییەکی سرووشتی تێدایە کە پێی دەوترێت سکوالین و بە یەکێک لە گرنگترین چەورییە پارێزەرەکان دادەنرێت بۆ پێست، بەو پێیەی کارکردنی بەربەستی پێست بەرز دەکاتەوە.
دژە ئۆکسێنەری تێدایە کە فشاری ئۆکسجینی لە سەر پێست کەمدەکاتەوە، ئەمەش بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان دادەنرێت کە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی پێست.
هەروەها شایەنی باسە کە زەیتی زەیتونی زەردی پاکیزە بە تایبەتی بۆ سپیکردنەوەی دەموچاو باشترە لە جۆرەکانی تری زەیتون چونکە لە زەیتونی تەواوەوە فشار دەخرێتە سەری بە بێ بەکارهێنانی مادەی کیمیایی یان گەرمی، و پاڵاوتە نییە، وەک خۆی زۆربەی تایبەتمەندییە خۆراکیەکانی زەیتون لەخۆدەگرێت.
چۆنیەتی بەکارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ سپیکردنەوەی دەموچاو
زەیتی زەیتونی پاکیزە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ سپیکردنەوەی دەموچاو بەم شێوەیە:
پێکهاتەکانی:
کەوچکێک زەیتی زەیتون پوخت و پاکیزە.
قوماشی دەموچاو.
ئاوی گەرم.
چۆنیەتی ئامادەکردن و بەکارهێنانی
بەم شێوەیە:
دەموچاو پاک بکەرەوە، پاشان بە زەیتی زەیتون بە جوڵەی بازنەیی مەساجی بکە، بەتایبەتی لە ناوچەی لووت و ڕوومەت و پێشەوە.
قوماشەکە لە ئاوی گەرمدا نوقم بکە، پاشان بیخە سەر دەموچاو و فشاری بخەسەر و بیگرە تا سارد دەبێتەوە و پلەی گەرمیەکەی لە پلەی گەرمی ژوورەوە نزیک دەبێتەوە.
قوماشەکە دەربهێنە و دووبارە لە ئاوی گەرمدا نوقمی بکە، پاشان بە نەرمی دەموچاوی پێ بشۆ بۆ ئەوەی چینی سەرەوەی زەیتی زەیتونەکە دەربهێنیت.
بە نەرمی دەموچاو وشک بکەرەوە.
هەنگاوەکانی پێشوو دوو جار لە ڕۆژێکدا دووبارە بکەرەوە، بەیانیان و ئێواران، بۆ ئەوەی لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا هەست بە ئەنجامە کاریگەرەکانی بکەیت.
شایەنی باسە چەندین ڕێچکەی سروشتی هەیە کە تیایدا زەیتی زەیتون بۆ پێست بەکاردێت لە گەڵ توخمە کاریگەرەکانی تر بۆ ئەوەی دەربکەوێت بە درەوشاوەیی و ڕووناکی و بەم شێوەیەش بە تێپەڕبوونی کات سپیتر دەبێتەوە و گرنگترینی ئەم توخمانە بریتین لە: ئاوی لیمۆ، هەنگوین وزەردەچەوە.
سوودەکانی زەیتی زەیتون بۆ ڕوخسار
ئەمانەی خوارەوە گرنگترین سوودەکانی زەیتی زەیتونن بۆ ڕووخسار و دەموچاو:
لابردنی میکرۆبی پێست
زەیتی زەیتون تایبەتمەندی دژە بەکتریای هەیە، ئەمەش وا دەکات سوودی هەبێت بۆ تەعقیمکردن و پاککردنەوەی پێست و چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریا لەسەری.
خۆراکدانی پێست
زەیتی زەیتون چەندین ڤیتامینی گرنگی تێدایە بۆ خۆراکدانی پێست، لەوانە ڤیتامینەکانی: (A,D,E,K).
شێدارکردنی پێست
زەیتی زەیتون شێدارکەرەوەیەکی سرووشتی بەناوبانگە بۆ پێست و قژ، هەروەها لە زۆرێک لە ڕێچکە و ماسکەکاندا بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێت.
پاککردنەوەی پێست
دەتوانرێت زەیتی زەیتون بەکاربهێنرێت بۆ تواندنەوەی پاشماوەی چەوری لە سەر پێست و لابردنی هەندێک جۆری ماکیاژ بەتایبەتی ئەوانەی دژە ئاون.
هۆشداری لە بەکارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ دەموچاو
سەرەڕای سوودە زۆرەکانی زەیتی زەیتون بۆ دەم و چاو و پێست بە گشتی، بەڵام باش نییە بۆ بەکارهێنان لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:
بەکارهێنانی لە سەر پێستی هەستیار یان چەور، بەوپێیەی دەبێتە هۆی گیرانی کونیلەکان و دەرکەوتنی زیپکە، هەروەها خورانی پێست.
لە سەر پێستی منداڵان، چوونکە لەوانەیە بەشداربێت لە دەرکەوتنی ئەکزیمایان بە تێپەڕبوونی کات.
لە سەر پێستی هەوکردوو یان ئەوانەی بە دەست نەخۆشییەکی پێستەوە دەناڵێنن.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێویستە پێش بەکارهێنانی زەیتی زەیتون لەسەر پێست و دەموچاو پشکنینی هەستیاری ئەنجام بدرێت، بە دانانی بڕێکی کەمی لەسەر دەستی پێشەوە و ئەگەر لە ماوەی ٢٤-٤٨ کاتژمێردا هیچ کاردانەوەیەکی هەستیاری ڕووی نەدا، ئەوا لەبەرچاو دەگیرێت سەلامەتە بۆ بەکارهێنان./.