بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سیاسەتی دەرەوە تەنیا بە گەرەنتیکردنی مانەوەی ئەکتەرێک لە سیستەمی جیهانیدا پێناسە ناکرێت، بۆ مانەوە لە سیستەمی جیهانیدا، سەرچاوەی ئابوری، سیاسی و هتد پێویستە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پرەنسیپی بازرگانی سیاسی یان ئاڵوگۆڕی ئیمتیازات پێویست بێت بۆ هەر حکومەتێک.
بزنسى سیاسی، مارکێتینگى سیاسى، ئابورى سیاسى دەکرێت بە هاوتا و سەریەککەوتنى یەکتر هەژمار بکرێن، کە لە چوارچێوەی بەدەستهێنان و پاراستن و زیادکردنى سەرچاوە و بەرژەوەندى ئەکتەرێک لە گەمەى دەسەڵاتى هەرێمى و جیهانى یان ململانێى جیۆپۆلیتیکیدا دەناسرێنەوە. لەم پرۆسەیەدا ئەکتەر سیاسەت و تاکتیکێک دادەڕێژێت یان هەڵیدەبژێرێت کە هەندێک جار لە هەمان دۆخدا زۆر ناتەبایە لەگەڵ یەکتردا.
هەرچەندە هەندێک جار ئەم دووانەیە یان بنیاتنەنانی سیاسەتەکان وەک پرەنسیپێکی داڕشتنی سیاسەت دادەنرێت، بەڵام مرۆڤ نابێت ئەو مەبەستانەی پشت پەردە و بنەما ئەخلاقییەکانی لەبیرکراو لە پرۆسەیەکی وەهادا پشتگوێ بخات. ئەو پرەنسیپە ئەخلاقییانەی کە بوونە هۆی فەزیحەی سیاسەتێک و داڕێژەری سیاسەتێک، مەبەستی داڕێژەری سیاسەت لەم جۆرە سیاسەتە دووانەیە ئاشکرا دەکەن.
لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی حوکمڕانی ڕەها لە تورکیا، حکومەتەکەی ئەردۆغان نموونەیەکی بەرچاوی دوو سیاسەت و شێواندنی سیاسەتی دەرەوە بووە. سیاسەتی دووانەی حکومەتی تورکیا لە پێشهاتەکانی بەهاری عەرەبی، قەفقاز، باکوری ئەفریقا، شەڕی ئۆکراینا، پرسی فەڵەستین و هتد، دەرکەوتە ئاشکراکانی بازرگانیی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی ئەردۆغان پیشان دەدات.
نموونەی بەرچاوی سیاسەتی دووانەی حکومەتی تورکیا لە سیستەمی جیهانیدا لە تێکدانی سیاسەتی ئەردۆغان لە پشتیوانیکردنی تەواوەتی حکومەتی ئۆکراینا و پشتیوانی ساختە بۆ فەڵەستین لە شەڕی غەززەدا دەبینرێت کە دەتوانرێت لەم بوارانەی خوارەوەدا لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت:
یەکەم – بازرگانی ئابوری لە گەڵ شەڕی ئۆکراینا:
حکومەتی تورکیا کە بە مۆدێلی گەشەکردن و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا ناسرابوو، بە دەستێوەردانێکی بەرفراوان و شەڕەنگێزانە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و بە تایبەت بەهاری عەرەبی، تووشی چەقبەستوویی ئابوری و قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو.
شەڕی ئۆکراینا و بەتایبەت لەشکرکێشی ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢، دەرفەتێکی زۆر گونجاوی بۆ خۆشگوزەرانی بازرگانی سیاسی تورکیا ڕەخساند. تورکیا وێڕای شەرمەزارکردنی دەستدرێژیی ڕووسیا، درێژەی بە بازرگانی و پەیوەندییە سوودبەخشەکانی لە گەڵ ڕووسیادا داوە و لە لایەکی دیکەشەوە بازرگانی لە گەڵ ئۆکراینا لە شێوەی ناوبژیوانی نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکەدا فراوانتر کردووە.
حکومەتی ئەردۆغان بە بانگەشەی نێوەندگێڕی لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، وەک ئەندامێکی ناتۆ چەندین جۆرە چەک و کەرەستەی سەربازی بە تایبەت درۆنی بە ئۆکراینا فرۆشتووە و لەم ڕێگایەشەوە داهاتێکی زۆری بە دەست هێناوە و بە پێی هەندێک ئامار، لە سەدا 5.3 ی 5 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هەناردەی سەربازیی تورکیا پەیوەندی بە ئۆکراینا لە ساڵی 2023 دا بووە.
شەڕی ئۆکراینا و بانگەشەی نێوەندگێڕی بووەتە باشترین سەرچاوەی داهات لە ڕێگای فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازییەوە بۆ حکومەتەکەی ئەردۆغان.
دووەم – بازرگانی دیپلۆماسی لە گەڵ شەڕی غەززە:
حکومەتەکەی ئەردۆغان کە بانگەشەی سەرکردایەتی جیهانی ئیسلامی دەکات، لە قەیرانی فەڵەستین سیاسەتێکی ڕاگەیاندن و سیاسەتی کردەیی هەیە کە ئەوەی بە توندی دژی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایدەگەیەنێت و دەریدەبڕێت، جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ هەڵسووکەوت و کردەوەکانی تورکیا لە پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەر دوو لادا هەیە.
سیاسەتی ڕاگەێندراوی حکومەتی تورکیا کە بە لێدوان و قسە توندەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێناسە دەکرێت، هیچ کات نەگەیشتووەتە قۆناغی کردار و هیچ پشتیوانییەکی کردەیی بۆ فەڵەستین و گرووپەکانی خۆڕاگری بەتایبەت حەماس لە تورکیاوە نابینرێت.
ئەم سیاسەتە ڕاگەێندراوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان کە هەندێک جار ئەوەندە توندە و بە شێوازی دەرکردنی بەیاننامەی سەرکردە جیهادییەکان وەک وەڵامێکی توند یان هێرشی بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی لەگەڵدایە، تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پێگەیە لە جیهانی ئیسلام و کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی موسڵمانی تورکیا، چونکە بە پێی داتاکانی بەردەست، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی هێشتا لە ئاستێکی گەورە بەڵام شاراوەدایە.
جگە لەو هەموو لێدوان و بانگەشە توندانەی لە ساڵی ڕابردوودا دژی ڕژێمی زایۆنیستی، کە پەیوەندی بە کوشتنی نزیکەی ٤٥ هەزار هاوڵاتی غەززەوە هەبووە، حکومەتی تورکیا هیچ چەک و هاوکارییەکی سەربازیی بۆ غەززە نەناردووە، تەنانەت فیشەکی کڵاشینکۆفیشی نەناردووە، لە کاتێکدا نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی قورسی ناردووە بۆ ئۆکراینا!
حکومەتی تورکیا و تیمەکەی ئەردۆغان بازرگانی لە گەڵ شەڕەکاندا دەکەن و زۆرترین سوود لە سەرهەڵدانی گرژی و شەڕەکان وەردەگرن، بەو پێیەی بڕی 300 ملیۆن دۆلار چەکی هەناردەی ئۆکراینا کردووە، بەڵام وا خۆیان پیشان دەدەن کە نێوەندگیری نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، بانگەشەی پشتگیری غەززە دەکات بەڵام نەک هەر فیشەکێکی بە حەماس نەداوە، بەڵکوو بەردەوام بووە و هەناردەکردنی پۆڵا تایبەتەکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی زیاد کردووە!/.