بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە بە دەیان هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ناوەندە سەربازی و توێژینەوەییەکانی سوریا. هێزەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیست تا ناوچەی ستراتیژیی جەبەل شێخ هاتوونەتە ناو خاکی سوریاوە تا پێگەکانیان لەم وڵاتەدا بەهێز بکەن. گرووپی تەحریری شام و لایەنگرانی تا ئێستا بە یەک وشە هەڵوێستیان لە بەرامبەر دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نەبووە.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد (کە بە جۆرێک ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی دەسەڵات و جێهێشتنی سوریا بووە) ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی هاوبەشی ساڵی 1974 لە گەڵ سوریا سەبارەت بە ناوچەی جۆلان کۆتایی هاتووە و فەرمانی هێرشکردنە سەر تەواوی ناوەندە سەربازی و بەرگرییەکانی ئەم وڵاتەی دەرکرد.
هەندێک لە میدیاکان و سەرچاوەکانی هەواڵ تەنانەت ڕایانگەیاندووە کە سوپای زایۆنیست تا 20 کیلۆمەتری شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا پێشڕەوی کردووە. سەرەتا ڕژێمی زایۆنیستی لە هەوڵی دابینکردنی ناوچەیەکی پارێزراو لە نێوان خۆی و سوریادا بوو، بەڵام لە ئێستادا پێشڕەوییەکان بۆ لەناوبردنی ژێرخانە گرنگەکانی سوریا و تواناکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتەیە.
لە لایەکی دیکەوە، گرووپە چەکدارەکان کە پێشینەی تیرۆریستییان هەیە، لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا نەک تەنیا کاردانەوەیان نەبووە، بەڵکوو بوونەتە ڕێخۆشکەری هێرشەکان و داگیرکردنی خاکی سوریا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت جێی گومانە، سەرەتا سوپای سوریا لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان هیچ بەرگرییەکی نەکرد و لە ئێستاشدا گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە بەرامبەر دەسدرێژی و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێدەنگن.
لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە گرووپە تیرۆریستییە تەکفیرییەکان کە بەداخەوە بە ناوی ئیسلامەوە چالاکی دەکەن، تا ئێستا یەک فیشەکیان بەرەو ڕژێمی زایۆنیستی نەتەقاندووە. ڕووداوەکانی سوریا ئەم ڕاستییەی زیاتر ڕوون کردووەتەوە./.