بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 11 ی کانوونی یەکەمی 2024 لە چاوپێکەوتنی هەزاران کەس لە خەڵک، سەبارەت بە ڕەهەندە نهێنییەکانی ڕووداوەکانی سوریا، خستنەڕووی لۆژیکی ئامادەبوونی ئێران لەم وڵاتە و دەربڕینی وانەکانی تایبەت بەم ڕووداوانە، وتیان: ئەم ڕووداوانە دەرەنجامی پیلانێکی هاوبەشی ئەمریکی – زایۆنیستییە و بەرەی خۆڕاگری بە دۆزینەوەی پاڵنەر و هێزی زیاتر لە بەرامبەر گوشار و تاوانەکان، بە یارمەتی خودای گەورە ناوچەکە دەگرێتەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئاشکرای وڵاتێکی دراوسێی سوریا لە ڕووداوەکانی ئەم وڵاتەدا، وتیان: سەرەڕای ئەمە، بەڵگەی زۆر بوونی هەیە کە پیشان دەدات پیلانگێڕ، نەخشەکێش و ژووری فەرماندەیی سەرەکی، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستین.
بەڕێزیان هەڵسووکەوتی زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکانیان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا بە یەکێک لەم بەڵگانە ناو برد و وتیان: ئەگەر ئەمانە پیلانداڕێژی ڕووداوەکانی سوریا نەبوون، بۆ بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە بێدەنگ نەبوون و بە بۆردومانی سەداک ژێرخان، فڕۆکەخانە، ناوەندی توێژینەوەیی، ناوەندی پەروەردەی زانیان و ناوچەکانی دیکەی سوریا، بە کردەوە لەم ڕووداوانەدا دەستێوەردانیان هەبوو؟
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی فەرمی ئەمریکا سەبارەت بە بۆردومانی 75 شوێنی سوریا لە یەک دوو ڕۆژی سەرەتایی ئەم ڕووداوانە، وتیان: زایۆنیستەکان بەدەر لە بەئامانجگرتنی سەدان شوێن، چەندین ناوچەی سوریایان داگیرکردووە و تانکەکانی خۆیان لە دیمەشق نزیک کردووەتەوە و ئەمریکا کە لە ڕووداوە سنورییە زۆر بچوکەکانی وڵاتانی دیکەدا هەستیارییەکی زۆری هەبوو، نەک تەنیا ناڕەزایەتی دەرنابڕێت، بەڵکوو یارمەتیدەریش بووە. ئایا ئەم ڕاستییانە پیشاندەری دەستێوەردانی ئەوان لە ڕووداوەکانی سوریا نییە؟
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە شرۆڤەی یەکێکی دیکە لە بەڵگەکانی دەستێوەردانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووداوەکانی سوریا، وتیان: لە ڕۆژانی کۆتاییدا هەندێک هاوکاری و پێداویستییەکان بۆ خەڵکی چەند ناوچەیەک لە سوریا بە تایبەت زەینەبییە بنێردرێت بەڵام زایۆنیستەکان سەرجەم ڕێگا وشکانییەکانیان داخست و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە گەشتە بەردەوامەکان ڕێگرییان لەم کارە کرد کە هاوکارییەکان لە ڕێگای ئاسمانیشەوە بگاتە سوریا، ئەگەر ئەوان بەڕێوەبەری ئەم ڕووداوانە نین، یان لە پشتەوە ئەم گرووپ و ئەو گرووپی تیرۆریستی شەڕ ناکەن، بۆ ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکانیان بۆ سوریا کرد؟
بەڕێزیان بە ئاماژە بە ئامادەبوونی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا لە سوریا، وتیان: خاڵێکی گرنگ کە هەندێک بە تایبەت گەنجان لێی ئاگادار نین، ئەوەیە کە پێش هاوکارییەکانی ئێمە بۆ حکومەتی سوریا، واتە لە قۆناغی هەستیاری بەرگری پیرۆز و لە هەلومەرجێکدا کە هەمووان لە دژی ئێمە و لە بەرژەوەندی سەدام کاریان دەکرد، حکومەتی سوریا هاوکارییەکی گرنگی ئێرانی کرد و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراقی بۆ دەریای مەدیتەرانە داخست و سەدامی لە داهاتەکەی بێبەش کرد.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هۆکارێکی دیکەی ئامادەبوونی گەنجان و فەرماندە ئێرانییەکانیان لە سوریا و عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانی داعش گەڕاندەوە و وتیان: داعش بۆمبێکی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی بوو و ئەوان هەوڵی ئاڵۆزکردنی سوریا، عێراق و پاشان ئێرانیان دەدا و لە ڕاستیدا ئێران ئامانجی سەرەکی و کۆتایی ئەم پیلانگێڕییە بوو.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: فەرماندە سەربازییەکانی ئێمە لە زووترین کاتدا بەوە گەیشتن کە ئەگەر ڕێگری لە داعش نەکرێت، ئاڵۆزی سەرتاسەری ئێران دەگرێتەوە، وەک چۆن کە چەندین نموونەی کردەوە تیرۆریستییەکان لە شارەکانی وەک تاران، شیراز و کرمان بینرا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئامادەبوونی ئێران لە سوریا و عێراق لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریدا بووە و هیچ کات هێزە سەربازییەکانی ئێمە لە سوریا و عێراق ئامادە نەبوون، لە بەر ئەوەی کە ئەم کارە بە پێی لۆژیک نەبووە و ڕای گشتی ئەو وڵاتانەش شتی وەهایان قبووڵ نەدەکرد.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا ئاماژەیان بە چەند خاڵێکی گرنگ دا و وتیان: هەمووان زانن کە ڕووداوەکان وەها نامێنێتەوە کە گرووپێک بێت لە دیمەشق دەسدرێژی بکاتە سەر خەڵک و ڕژێمی زایۆنیستیش بە بۆردومان و تۆپ و تانک پێشڕەوی بکات.
بەڕێزیان وتی: بە دڵنیاییەوە گەنجانی تێکۆشەری سوریا ڕادەپەڕن و بە خۆڕاگری و تەنانەت بە زیان، کۆتایی بەم دۆخە دێنن، وەک چۆن کە گەنجانی عێراقی پاش داگیرکردنی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە، بە هاوکاری و ڕێکخستن و فەرماندەیی شەهیدی ئازیزی ئێمە دوژمنیان تووشی شکست کرد، ئەڵبەت ڕەنگە ئەم کارە لە سوریا کاتی زۆری بوێت بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە وانەکانی ڕووداوەکانی سوریا بۆ بەرپرسان و خەڵک بە گشتی، وتیان: وانەی یەکەم ئەوەیە کە دوژمن پشتگوێ نەخرێت. لە سوریا دوژمن بە خێرایی هەنگاوی نا، بەڵام دەبوو پێشوەختە پێشبینی ئەمەیان بکردایا و ڕێگرییان لێبکردایا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران چەند مانگ بەر لە ئێستا هۆشدارییان بە دەسەڵاتدارانی سوریا دابوو.
بەڕێزیان وتیان: نابێت دوژمن بە بچووک دابنرێت یان بە پێکەنینەکانی متمانە بکرێت، لە بەر ئەوەی کە هەندێک کات بە پێکەنین و زمانی خۆش قسە دەکات بەڵام بە خەنجەرێک لە پشتەوە، لە دەرفەتێک بۆ لێدان دەگەڕێت./.