بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە سەبارەت بە وتارەکەی ئەم دواییەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەر ڕووداوەکانی سوریا و ناوچەکە وتی: وتارە گرنگ و مێژووییەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سوریا و پیلانی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، پیشاندەری تێڕوانینی ورد و شیکاری هەمەلایەنەی ڕووداوەکان لە لایەن بەڕێزیانەوەیە.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەوەی کە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد و شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا، کەشێکی بێهیوایی باڵی بە سەر ناوچەکەدا کێشاوە، هەندیک لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە بەرەی خۆڕاگری لاواز بووە، بەڵام ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە وتارەکەیاندا جەختیانکردەوە کە بەرەی خۆڕاگری هیچ کات لاواز نابێت بەڵکوو بەهێزتر دەبێت. هەرچەندە ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە ڕۆڵیان لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد و ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە سوریادا هەبووە.
هانیزادە وتی: سوریا بەشێکە لە بەرەی خۆڕاگری و ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە واتای کۆتایی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا نییە. خۆڕاگری میکانیزمی تایبەت بە خۆیی هەیە و جارێکی دیکە لە سوریا خۆی زیندوو دەکاتەوە و سوریا لە داهاتوودا جارێکی دیکە دەبێتەوە هەمان ئەندامە گرنگ و کاریگەرەکەی بەرەی خۆڕاگری.
ئەو شارەزای کاروباری نێودەوڵەتییە وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی جێبەجێکردنی پیلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەدەن بەڵام وشیاری بەرەی خۆڕاگری ڕێگری لەم پیلانە دەکات و پووچەڵی دەکاتەوە.
وتیشی کە گەنجانی سوریا لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەوەستن و بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی خۆیان، هێزە داگیرکەرەکان لەم وڵاتە دەکەنە دەرەوە. بەرەی خۆڕاگری بەهێزتر و زیندووتر لە ڕابردوو درێژە بە ڕێگای خۆی دەدات و پیلان و نەخشەی دوژمنان تووشی شکست دەکات./.