ڕووخانی حکومەتی سوریا پیلانێکی هاوبەشی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا، بەریتانیا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکەدا بوو کە لە لایەن تیرۆریستان و گرووپە فریودراوەکانی ناوخۆ و دەرەوە جێبەجێ کرا. ئەگەرچی میدیاکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی هەوڵ دەدەن لاوازبوونی حکومەتەکەی ئەسەد و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بە هۆکاری سەرەکی ڕووخانی دەسەڵاتی سوریا ناو ببەن، بەڵام کاراکتەرە دەرەکییەکان بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لەم پیلانگێڕییەدا ڕۆڵیان هەبووە.
بێگومان کێشە ناوخۆییەکان، ناڕەزایەتییەکان، نەبوونی کاریگەری دەنگ و داواکاری خەڵک و گرنگینەدان بە داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک، ڕۆڵیان لە شکستە خێرا و چاوەڕواننەکراوەکەی بەشار ئەسەددا هەبووە، بەڵام دوژمنانی دەرەکیی سوریا بە پەرەپێدانی ناکۆکییەکان، فریودانی ڕای گشتی و پێدانی بەڵێن بە بەرپرسان و گرووپ و لایەنەکان، ئیرادە و توانای حکومەت و سوپای سوریایان دابەزاند و بەستێنی ڕووخانیان دابین کرد. بەم هۆیەوە گرنگی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژی سوریا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانیکردنی لە لایەن هێزەکانی خۆڕاگرییەوە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر گرنگ بووە تا ڕێگری لە گەشە و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە بکەن و حکومەتەکەی ئەسەد بڕووخێنن و ڕژێمێکی سەر بە ڕۆژئاوا لەم وڵاتەدا جێگیر بکەن.
ئێستا بە ڕووخانی حکومەتی سوریا و بۆشایی دەسەڵات و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و توندووتیژی و شەڕ و کێبڕکێی دەسەڵات، تیرۆرکردنی نوخبەکان و لەناوبردنی ژێرخانەکان، شەڕی ناوخۆیی و جیابوونەوە، سوریا و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاسیای ڕوبەڕوی هەڕەشە و مەترسی بوونەتەوە.
ئاشکرایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو هەڕەشانەی کە باسکران بەرەو پێش دەبەن و زیاتریان دەکەن، لە بەر ئەوەی کە ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆیی دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری گرووپەکانی خۆڕاگری، وڵاتانی ناوچەکە و ڕەنگە بگاتە دابەشبوونی هەندێک وڵات و یارمەتیدەری مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەم دوژمنانەی مرۆڤایەتی دەبێت.
لەم نێوەندەدا ڕژێمی زایۆنیستی زۆرترین سوود دەبینێت و بە تیرۆری نوخبەکان، ڕووخاندنی ژێرخانەکان و زیاتربوونی ناکۆکییەکان، سوریا لاواز دەکات و ڕەنگە بەستێنی دابەشبوونیشی دابین بکرێت.
لە شەڕی کەنداوی فارسیش ڕژێمی زایۆنیستی بە سەدان و تەنانەت هەزاران زانای عێراقیی تیرۆر کرد.
ئامانجی ئەمریکا و دوژمنانی دیکە، لاوازکردن و دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکەیە بە ئامانجی زاڵبوون بە سەریاندا، ئەوان هەوڵ دەدەن ئەزموونی ئێستای سوریا لە وڵاتانی دیکەی وەک عێراق و ئێرانیش دووبارە بکەنەوە، هەربۆیە تێڕوانین و ورایی و یەکگرتوویی گرووپەکانی خۆڕاگری و گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکە بۆ پووچەڵکردنەوە و ڕوبەڕوبونەوەی پیلان و هەڕەشەکان لە داهاتوودا و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی سوریا بە پێویست دادەنرێت./.