بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سوریا بە تایبەت ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتە و بە دەسەڵات گەیشتنی هەندێک گرووپی وەک دەستەی تەحریری شام، نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئەگەری لاوازبوونی بەرەی خۆڕاگری لێکەوتووەتەوە. سەرەڕای ئەمە، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕوونکردنەوەی جیاواز، ئەم ڕووداوانەیان بە دەرفەتێک بۆ بەهێزبوونی خۆڕاگری ناو برد. بەڕێزیان خۆڕاگرییان بە قوتابخانەیەکی ڕۆحی و ئایینی ناساند کە نەک بە گوشار و هەڕەشەکان لە ناو نابرێت، بەڵکوو فراوانتر و ڕەگ و ڕیشەی زیاتری دەبێت.
تێڕوانینێک لە سەر مێژووی خۆڕاگری لە ناوچەکەش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە. غەززە وەک بنکەی سەرەکی خۆڕاگریی فەڵەستین، لە دڵی سەرکوتکردن و گوشارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هاتە دەرەوە، لە کاتێکدا کە ڕێکەوتنەکانی وەک ئۆسلۆ کاریگەرییان لە سەر خۆڕاگری نەبووە.
خۆڕاگری لە دڵی قەیرانەکاندا بەهێزتر دەبێت
هەڕەشە و قەیرانەکان، ئیرادەی خەڵکیان بۆ خۆڕاگری بەهێزتر کردووە و بەستێنی سەرهەڵدانی بەرەی نوێی خۆڕاگرییان دابین کردووە. ئەم تێڕوانینە نەک تەنیا وەڵامێکە بۆ شیکارییە ڕەشبینانەکان، بەڵکوو پیشاندەری ئەوەیە کە خۆڕاگری لە ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و قەیرانەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە شاراوەکانی نێو قەیرانەکان، توانای بەهێزبوون و بەرفراوانترکردنی خۆیی هەیە.
خۆڕاگری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەردەوام لە دڵی قەیران و زیاتربوونی گوشارەکان پێکهاتووە و گەشەیکردووە. بە پێچەوانەوەی هەندێک تێڕوانینەوە، ئەم لایەنانە نەک لە سایەی ئاشتی و سازاندا، بەڵکوو لە هەلومەرجی سەرکوت و هەڕەشەدا سەریانهەڵداوە، لە فەڵەستینەوە تا لوبنان، عێراق، یەمەن و تەنانەت ئێران، نموونەیەکی زۆر لەم ستراتیژ و نەخشەیە دەبینرێت.
کەرتی غەززە وەک بنکەی سەرەکی خۆڕاگریی فەڵەستین لە دڵی توندترین فشارەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بوو بە هێمای خەبات. حیزبوڵڵای لوبنانیش لە کاردانەوەی بەرامبەر بە دەستدرێژی زایۆنیستەکان لە باشوری ئەم وڵاتە لەدایکبووە و توانی ببێتە یەکێک لە بەهێزترین هێزەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا. لە عێراق حەشدی شەعبی وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی داعش و فشارەکانی ئەمریکا پێکهێنرا و بە بەدەستهێنانی دەسەڵاتیش ڕوبەڕوی بوونی سەربازیی ئەمریکا لەم وڵاتەدا بووەتەوە.
هەروەها ئەنساروڵای یەمەن لە ژێر گوشاری توندی شەڕ و گەمارۆدانی سعوودیە بووە لایەنێکی بەهێزی ناوچەیی و بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی توانای خۆی نیشانداوە. تەنانەت ئێران وەک سەرچاوەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا بە هۆی قەیرانەکانی وەک شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی سەدام و پیلانگێڕییە دەرەکییەکان بووەتە مۆدێلێکی جیهانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی زلهێزە گەورەکان.
ئەم نموونانە دووپاتی دەکەنەوە کە خۆڕاگری نەک هەر بە قەیرانەکان زیانی پێناگات، بەڵکوو بە کەڵک وەرگرتن لەو هەڕەشانە دەبێتە دەرفەتێک بۆ فراوانبوون و بەهێزبوون. لە ڕاستیدا تا گوشار لە سەر گەلان زیاتر بێت، ئیرادە و پاڵنەریان بۆ ڕاوەستان و فراوانبوونی بەرەکانی خۆڕاگری زیاتر دەبێت.
گەنجانی سوریا دەبنەوە لایەنێکی سەرەکی لە بەرەی خۆڕاگری
سوریا وەک یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا هەمیشە ڕۆڵی پردێکی لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی خۆڕاگریدا گێڕاوە. بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە لەوانەش ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و بە دەسەڵات گەیشتنی گروپەکانی وەک تەحریری شام، دۆخی وڵاتەکەی ئاڵۆزتر کردووە. هەرچەندە هەندێک ئەم ڕووداوانە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرەی خۆڕاگری دەبینن، بەڵام بەدواداچوون بۆ پرۆسەی مێژوویی خۆڕاگری پیشان دەدات کە قەیرانەکان دەتوانن سەکۆیەک بن بۆ لەدایکبوونی بەرەی نوێ.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتارەکەی ئەم دواییەدا بە ئاماژە بە بارودۆخی سوریا وتیان: ” ناوچە داگیرکراوەکان بە دەستی گەنجانی بوێری سوریا ئازاد دەکرێن. ئەم گەنجانە بە خۆڕاگری و گیانفیدایی و قوربایندان بە سەر کێشەکاندا زاڵ دەبن “. ئەم وتەیە ڕەنگدانەوەی متمانەی قووڵە بە توانای گەلی سوریا بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەی و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە بەرەی خۆڕاگریدا.
لە ڕاستیدا هەر گوشارێکی دەرەکی و کردەوەیەکی توندووتیژانە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ پێکهێنانی ڕەوتێکی نوێی خۆڕاگری لە نێو گەنجانی سوریادا.
هەروەک ئەزموونی عێراق و پێکهێنانی حەشدی شەعبی پیشانیدا، ئەم جۆرە هەلومەرجە توانا و دەرفەت بۆ پێکهێنانی هێزی نوێ درووست دەکات. دڕندەیی و تاوانکاریی دوژمنان پاڵنەرێکی نوێ بۆ خەڵک دەخوڵقێنێت بۆ ئەوەی بچنە بەرەی خۆڕاگری.
ئەم پرۆسەیە نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی لایەنەکانی خۆڕاگری، بەڵکوو دەبێتە هۆی داڕشتنی ستراتیژی نوێ و درووستکردنی گرووپی نوێ بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هەڕەشەکان.
بەرزبوونەوەی ڕۆڵی سوریا لە بەرەی خۆڕاگری
پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە سوریا، پرسی گۆڕینی ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی خۆڕاگریی ڕوبەڕوی کێشە کردووەتەوە. پێشتر سوریا وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەرەستە و هێز و هەماهەنگی نێوان گروپەکانی خۆڕاگری لە لوبنان و عێراق و فەلەستین کاری دەکرد، بەڵام دوای گۆڕانکارییەکی بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا، ئەگەری هەیە دەستڕاگەیشتن بە لوبنان و شوێنەکانی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ببێتەوە.
هەندێک پێیان وایە کە ئەم پێشهاتانە دەتوانن هێزی بەرگری بەرەی خۆڕاگری کەم بکەنەوە، بەڵام ئەزموونەکان دەریانخستووە کە کاتێک فشارە دەرەکییەکان زیاد دەبن، خۆڕاگری توانیویەتی بە درووستکردنی چارەسەری داهێنەرانە و پێکهاتەی نوێ بە سەر ئەم کێشانە زاڵ بێت، تەنانەت دەتوانێت مەودای هێزی خۆی فراوانتر بکات.
هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگە لە کورتخایەندا دۆخی سوریا ئاڵۆزتر بکەن، بەڵام لە درێژخایەندا ئەگەری درووستکردنی توانای نوێ و ستراتیژی بۆ بەرەی خۆڕاگری هەیە.
سوریا کە پێشتر تەنیا وەک ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی هێز و کەرەستەی سەربازی کاری دەکرد، دەتوانێت ببێتە بنکەیەکی ستراتیژی گرنگ و سەرچاوەیەک بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگری.
مێژوو دەریخستووە کە خۆڕاگری قەیرانەکانی وەک دەرفەتێک بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی خۆی بەکارهێناوە. لە نێو دڵی ئەم ئاڵۆزییانەدا پێدەچێت گرووپی خۆڕاگریی نوێ و بەهێزتر سەرهەڵبدەن کە کاریگەرییەکانیان لە سنوورەکانی سوریا زیاتر دەبێت./.