بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، شرۆڤەکارێکی زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە بەردەوام لە گەڵ گرووپە نەیارەکانی سوریا لە پەیوەندی و ڕاوێژدا بووە.
مورخای کیدار ڕایگەیاندووە کە بۆچوونی ئەوەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سوریا، ڕژێمی زایۆنیستی بە دوژمن نازانن و پشتیوانی لە پێشنیاری کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکەن.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ” ئەوان ئیسرائیل بە کێشە نازانن، بەڵکوو بە بەشێک لە چارەسەر ناوی دەبەن. ئەوان ئامادەی ڕێکەوتنی ئاشتین لە گەڵ ئیسرائیل، بەڵام کاتێک بە تەواوی بە سەر سوریا و لوبناندا زاڵ ببن. پەیوەندی ڕاستەوخۆم لە گەڵ گرووپە چەکدارەکانی سوریا هەیە. بەشێک لە داواکارییەکانی ئەوانم لە ئیسرائیل بە بەرپرسان گەیاندووە “.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل تێڕوانینێکی ڕوونتری لەم گرووپانە خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە ” ئەوان قەدرزانی هێرشەکانن بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان “.
ئەو میدیا زایۆنیستە لە سەر زاری ئەندامی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سوریا ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە کاریگەری هەبووە.
ئەندامێکی دیکەی گرووپە چەکدارەکانی سوریا ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بەشێکی پەیوەندی بە کاریگەری هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەبووە.
ئەندامی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سوریا بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە ” حزبوڵڵا هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدات، ئێمە تۆمەتبار بە هاوکاری لە گەڵ ئێوە دەکات، لە بەر ئەوەی کە ئێمە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا خۆشحاڵین، ئێمە ئیسرائیلمان خۆش دەوێت و هیچ کات نابینە دوژمن. ئیسرائیل لە گەڵ لایەنێک دوژمنایەتیی نەکات، نابێتە دوژمن، ئێمە بێزاریمان لە ئێوە نییە و ئێوەمان خۆش دەوێت “.
ئەندامێکی دیکەی گرووپە چەکدارەکانی سوریا ڕایگەیاندووە کە ” کاتی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر حکومەتی سوریا گونجاو بووە، بە تایبەت لە پاش ئاگربەستی لوبنان و لە ئێستاشدا ئامانج ئەوەیە کە پەیوەندییەک لە سەر بنەمای ئاشتی و ئاسایش لە گەڵ دراوسێکان بە تایبەت ئیسرائیل بونیات بنرێت “.
لە لایەکی دیکەوە ئەوی شیلۆن شرۆڤەکاری زایۆنیست لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرنۆت باسی دەستپێشخەرییەکی بەرامبەر بە سوریای نوێ کردووە و ڕایگەیاندووە کە ” دەکرێت ئەبومحەممەد جۆلانی بانگهێشتی قودس بکرێت و لە مزگەوتی ئەقسا نوێژ بکات، گەشتێک وەک گەشتەکەی ئەنوەر سادات لە ساڵی 1977 “.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ” دەکرێت ئەمە دەستپێشخەرییەکی گرنگتر لە گەشتەکەی ئەنوەر سادات بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر جۆلانی بانگهێشتەکە قبووڵ بکات ئەگەری ئاشتەوایی لە گەڵ جیهانی ئیسلامدا هەیە نەک تەنیا لە گەڵ یەک وڵات “./.