بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاتێک خانە شێرپەنجەیییەکان لە ئێسکدا گەشەدەکەن، دەتوانن زیان بە شانە ئاسایییەکانی ئێسک بگەیەنن. جۆری ئەو خانە و شانەیەی کە شێرپەنجەکەی لێوە سەرهەڵدەدات، جۆری شێرپەنجەی ئێسکەکە دیاری دەکات. ئەو شێرپەنجەیەی لە ناو ئێسک خۆیەوە سەرهەڵدەدات پێی دەوترێت شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی. زۆرجۆری گرێی شێرپەنجەییش هەیە لە ئەندام و بەشەکانی تری جەستەوە سەرهەڵدەدەن و بەرەو ئێسکەکان بڵاودەبنەوە. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە پێی دەوترێت شێرپەنجەی ئێسکی لاوەکی یان مێتاستاتیک. گرێیە شێرپەنجەیییەکانی مەمک، پرۆستات و سییەکان باوترین جۆری گرێی شێرپەنجەییین کە بە ئێسکەکاندا بڵاودەبنەوە.
هۆکاری سەرهەڵدانی شێرپەنجەی ئێسک
زۆربەی ئەو کەسانەی تووشبووی شێرپەنجەی ئێسکن هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، جگە لەوەی هەست بە ئاوسانێکی بێئازار دەکەن. بەشێكیشیان کۆمەڵە نیشانەیەکیان تێدا دەردەکەوێت کە ئەم نیشانانە دەکرێت بە هۆی حاڵەتی ترەوە وەکوو تووشبوون بە هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی یاخود نەخۆشی ڵایمیشەوە دەربکەون، بۆیە ئەمە کاردەکاتە سەر دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی ئێسک و پێویستی بە شارەزایی و وریایییە لە کاتی دەستنیشانکردندا.
باوترین نیشانەکان بریتیین لە:
- هەستکردن بە ئازار (بە تایبەتی لە شەواندا ئازارەکە زۆرتر دەبێت).
- هەڵئاوسانی لەناکاو.
- کەسەکە ناتوانێت بە ئاسانی هەڵسوکەوت بکات و بجووڵێت.
- هەستکردن بە شەکەتی.
- تا.
لە چ کاتێکدا بینینی پزیشک پێویستە؟
هەر کاتێک ئێسکەکان ئازاریان هەبوو یان تووشی هەڵئاوسان بوون، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت. ئەگەریش کەسەکە خۆی لە ژێر چارەسەری شێرپەنجەی ئێسکدایە دەبێت دڵنیابێتەوە لەوەی لە گەڵ دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی نوێدا پزیشکەکەی ئاگاداربکاتەوە.
جۆرەکانی شێرپەنجەی ئێسک
شوێنی سەرهەڵدانی شێرپەنجەکە جۆری شێرپەنجەکە دیاری دەکات. شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی چوار جۆری هەیە کە بریتین لە:
سارکۆمای ئێسکی:
سارکۆما جۆرێکی شێرپەنجەی بەستەرە شانەکانە. ئەم جۆرە باوترین جۆری شێرپەنجەی ئێسکە، لەناو ئەو خانانەوە سەرهەڵدەدات کە شانەی نوێی ئێسکی لێ پێکدێت. دەکرێت لەهەر شوێنێکی ئێسکەکەوە سەرهەڵبدات بەڵام بە زۆری لە کۆتایی ئێسکە درێژەکاندا ڕوودەدات وەکوو ئێسکی قۆڵ و قاچ. بەزۆریش لە منداڵان و هەزرەکاراندا ئەم جۆرەیان دەستنیشاندەکرێت.
سارکۆمای ئیوینگ:
بە ناوی ئەو پزیشکەوە ناونراوە کە بۆ یەکەمجار باسی ئەم جۆرەی شێرپەنجەی ئێسکی کرد. سارکۆمای ئیوینگ زۆر جۆری جیاوازی گرێی شێرپەنجەیی دەگرێتەوە کە تایبەتمەندی هاوشێوەیان هەیە و لە هەمان جۆری خانەوە سەرهەڵدەدەن. ئەم گرێ شێرپەنجەیییانە لەناو ئێسک و شانە نەرمەکانی چواردەورییەوە سەرهەڵدەدەن. بەزۆری لەناو ئێسکەکانی سێبەندە، پەراسوو و دەفەی شان یاخود ئێسکە درێژەکانی وەکوو هی قاچدا درووست دەبن.
سارکۆمای کڕکڕاگە:
ئەم جۆرەیان لە شانە کڕکڕاگەییەکانەوە سەرهەڵدەدات. کڕکڕاگە بەستەرە شانەیەکی نەرمە کە یارمەتی جووڵەی نێوان ئێسک و جومگەکان دەدات. ئەم جۆرەیان بەزۆری لە ئێسکی قۆڵ، قاچ و حەوزدا ڕوودەدات. بە پێچەوانەی جۆرەکانی ترەوە، زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوودا ئەم جۆرەیان دەستنیشاندەکرێت.
کۆردۆما:
ئەم جۆرە دەگمەنەی گرێی شێرپەنجەیی لەناو ئێسکەکان و دڕکەپەتکدا سەرهەڵدەدات، بەزۆری لە بنکی دڕکەپەتک یان بنکی کەلـلەی سەردا. ئەم جۆرەیان زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا سەرهەڵدەدات و پیاوان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە وەک لە ژنان.
قۆناغبەندی شێرپەنجەی ئێسک
قۆناغبەندی بە پێی قەبارە، شوێنی گرێیەکە و بڵاوبوونەوەی گرێیەکە دەستنیشاندەکرێت. شێرپەنجەی ئێسکی بنەڕەتی دەکرێت بە چوار قۆناغ:
قۆناغی یەکەم:
شێوەی خانەکان تێکنەچووە، هەروەها خانە شێرپەنجەیییەکان لە شوێنی خۆیاندان.
قۆناغی دووەم:
خانە شێرپەنجەیییەکان هێشتا لە شوێنی خۆیاندان، بەڵام شێوەی خانەکانی گرێیەکە شێواوە و ئاسایی نییە.
قۆناغی سێهەم:
شێوەی خانەکان نائاساییین و تێکچوون، هەروەها شێرپەنجەکە بە شوێنی جیاواز جیاوازی هەمان ئێسکدا بڵاوبووەتەوە.
قۆناغی چوارەم:
شێرپەنجەکە لە ئێسکەوە بە ناوچەکانی دیکەی جەستەدا بڵاوبووەتەوە، وەکوو جگەر و سییەکان.
چارەسەر
چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ئێسک پشت بە جۆری شێرپەنجەکە دەبەستێت لە گەڵ قۆناغی شێرپەنجەکە، کە ئایا بڵاوبووەتەوە بە جەستەدا یان نا و شوێنی بڵاوبوونەوەکەی کوێیە. شێرپەنجەی ئێسک بە بەکارهێنانی کۆمەڵە شێوازێكی چارەسەر، چارەسەر دەکرێت. جۆر و ماوەی چارەسەرەکە پشت بە چەند هۆکارێکی کاریگەر دەبەستێت، وەکوو جۆری شێرپەنجەکە، قەبارە و شوێنی بڵاوبوونەوەی گرێیەکە.
چارەسەرەکان بەزۆری بریتیین لە:
نەشتەرگەری:
نەشتەرکارەکە گرێیەکە و هەندێک لە شانە تەندرووستەکانی چواردەوری لادەبات. هەندێک جار بۆ چارەسەری شێرپەنجەکە دەبێت پەلێک بە تەواوی ببڕێتەوە. لەم دۆخەدا پەلی دەستکرد دەتوانرێت بەکار بهێنرێت. هەندێکجاریش وا دەخوازرێت نەشتەرگەری دووبارە بکرێتەوە ئەگەر هەموو خانە شێرپەنجەیییەکان بە جارێک لانەبرێن.
چارەسەری تیشكی ڕادیۆیی:
ئەم جۆرە چارەسەرە بە لێدانی بڕێکی زۆری تیشکی X گرێیەکان دەپووکێنێتەوە. زۆرجار پێش نەشتەرگەری ئەم چارەسەرەی بۆ دەکرێت تا گرێیەکە بپووکێتەوە و شانەی کەمتر لاببرێت.
چارەسەری کیمیایی:
ئەم جۆرە چارەسەرە خانە شێرپەنجەیییەکان لە ڕێگای دەرمانەوە دەکوژێت. چارەسەرەکە لە ڕێگای حەپەوە یاخوود لە ڕێگای دەرزییەوە دەبێت.
لەبەرئەوەی تا ئێستا هۆکاری ئەم شێرپەنجەیە نەزانراوە، بۆیە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ئێسک بە سەرکەوتوویی چارەسەر دەکرێن. لەم دۆخەدا شێرپەنجەکە هەرگیز سەرهەڵناداتەوە. هەندێکجار نەخۆشەکان پێویستیان بە چەندین نەشتەرگەری هەیە تا بە تەواوی چارەسەر دەبن. نەخۆشانی تری توشبووی شێرپەنجەی ئێسکیش لەوانەیە پێویستیان بەوە بێت بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەرەکان تا ڕێگا لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت./.