بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد لەو پەیامەدا ڕەتیکردووەتەوە کە پێشتر پلانی بەجێهێشتنی دیمەشقی دانابێت، بەڵکوو ڕایگەیاندووە ” ڕۆژی یەکشەممە 8 ی کانونی یەکەمی 2024، دیمەشقی بەجێهێشتووە و چووەتە رووسیا “.
سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا ئاماژەی بەوەشکردووە، ” تا دوا ساتەکان سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕم کردووە “.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەسەد ڕایگەیاندووە ” لە گەڵ فراوانبوونی هەژموونی تیرۆر لە ناو دیمەشقدا مابوومەوە و دواتر بە هەماهەنگی لە گەڵ هاوڕێیە ڕووسەکانم چوومە لازقییە بۆ ئەوەی لەوێوە بەدواداچوون بۆ بەرەکانی شەڕ بکەم “.
ناوبراو ڕایگەیاندووە ” ئەو کەسەی کە خۆڕاگریی لە فەڵەستین و لوبنان بە تەنیا نەهێشت و خیانەتی لە هاوپەیمانەکانی نەکرد، ناتوانێت خیانەت لەو خەڵک و سوپایە بکات کە پەیوەندی بەوانەوە هەبووە “.
بەشار ئەسەد هەروەها ڕایگەیاندووە ” لە گەڵ گەیشتنمان بۆ بنکەی سەربازی حومەیمیم لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8 ی کانونی یەکەم بۆمان ئاشکرا بوو، هێزەکانمان لە هەموو بەرەکانی شەڕ تووشی شکست بوون و پاشەکشەیان کردووە “.
سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا ڕایگەیاندووە ” لە گەڵ هێرشکردنە سەر بنکە ڕووسییەکە بە درۆن، مۆسکۆ داوای لە سەرکردایەتی بنکەکە کرد، ئێوارەی یەکشەممە، واتە ڕۆژی دوای ڕووخانی دیمەشق، دەستبەجێ بنکەکە چۆڵ بکات و هەمووان بەرەو ڕووسیا بەڕێ بکەون “.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە ” من هەرگیز یەکێک نەبووم لەوانەی کە لە ئاستی کەسیدا بە دوای پۆستدا بگەڕێم، بەڵکوو خۆمم بە خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەزانی کە پشتیوانییەکەی لە گەلێکەوە وەرگرتووە کە باوەڕیان پێی هەبووە و دڵنیاییم لە ئیرادەی ئەو گەلە و لە توانای ئەواندا هەڵگرتووە بۆ پاراستنی دەوڵەتی خۆیان و بەرگریکردن لە دامەزراوە و هەڵبژاردنەکانیان تا دوا سات “./.