بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی پەروەردەی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا 12 هەزار و 799 خوێندکاری کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە شەهید کراون.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی پەروەردەی فەڵەستیندا هاتووە کە بە هۆی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە 7 ی تشرینی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا 12 هەزار و 799 خوێندکاری فەڵەستینی شەهید بوون و 20 هەزار و 942 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە پێی ئەو بەیاننامەیە، کەرتی غەززە بە 12 هەزار و 681 خوێندکاری شەهید زیاترین زیانی بەرکەوتووە و 20 هەزار و 311 خوێندکاری برینداریشی هەبووە.
لە کەرتی خۆرئاواش 118 خوێندکار شەهید و 631 ی دیکەش بریندار بوون و ڕژێمی زایۆنیستی 538 خوێندکاریشی دەستبەسەر کردووە.
وەزارەتی پەروەردەی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە 598 مامۆستا و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە شەهید و 3 هەزار و 801 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا 425 خوێندنگەی حکومی، زانکۆ و بینا و بارەگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە کە 171 خوێندنگە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و 77 خوێندنگە بە تەواوی ڕووخاون. بەدەر لەمەش 65 خوێندنگەی سەر بە ئاژانسی ئۆنڕوا زیانیان پێگەیشتووە. لە کەرتی خۆرئاواش 109 خوێندنگە و 7 زانکۆ کەوتوونەتە بەر شەپۆلی هێرش و بۆردومانەکانی ئەو ڕژێمە داگیرکار و تاوانبارە.
هەروەها بە هۆی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە زیاتر لە 778 هەزار خوێندکاری قۆناغە جیاجیاکان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش کراون. هەلومەرجی دەروونی و تەندرووستی ئەم خوێندکارانە بە هۆی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە، داهاتووی یەک جیلی تەواوی ڕوبەڕوی هەڕەشە کردووەتەوە.
هەموو ئەم تاوانانەش بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە کراوە./.