بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە ڕاستەوخۆی ڕۆڵی نەرێنی لە سوریا دەگێڕێت و بەشێک لە خاکی ئەم وڵاتەی داگیر کردووە و چەندین گرووپی چەکداریی سەر بە ئەنکەرە هەڕەشە لە دواڕۆژی سوریا و خەڵکەکەی دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی سێ یەکەمایەتی گرنگ لە سوریا پەیرەو دەکەن کە بریتین لە:
یەکەم:
ڕێگریکردن لە دابەشبوونی سوریا کە بە گەورەترین هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دادەنرێت. لە سەر ئەم بنەمایەش پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی لە باکوری سوریا دەتوانێت سیناریۆیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە درووست بکات. بۆ ڕێگری لەمەش تورکیا پلانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی کوردانی سوریا داڕشتووە.
دووەم:
دووەم ئامانجی ستراتیژیی تورکیا بۆ لاوازکردن یان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات دەگەڕێتەوە، ئەویش لە کاتێکدا ئەنکەرە بەو ڕاستییە گەیشتبێت کە لەناوبردنی هەسەدە بە کردەوە مەحاڵە.
سێهەم:
سێهەم یەکەمایەتی تورکیا لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی سوریا و پشتیوانیکردنی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نەیارانی ئەم وڵاتەدایە، بە جۆرێک کە هاوپەیمانەکانی ئەنکەرە رۆڵی زیاتر و بەرچاوتریان لە ئیدارەی داهاتووی سوریادا هەبێت. تورکیا بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندییەکی نزیک و دووقۆڵیی لە گەڵ ئەبومحەممەد جۆلانی سەرکردەی دەستەی تەحریری شام داڕشتووە و لەو چوارچێوەدا هەڵسووکەوت دەکات./.