بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە وتی: ئەم هێرشانە هێزی بەرگری و سەربازیی ئەنساروڵڵای یەمەن پیشان دەدات و ئەوەی سەلماندووە کە بەرەی خۆڕاگری بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، سیناریۆی جیاوازی داڕشتووە و دەتوانێت خۆی بونیات بنێتەوە و درێژە بە خەباتی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی بدات.
ناوبراو وتی: کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و پچڕانی هێڵی پەیوەندی باکور – باشوری بەرەی خۆڕاگری کاریگەریی لە سەر توانای لۆجستی حزبوڵڵا دەبێت بەڵام هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەنساروڵڵای یەمەن پەیامی گرنگی بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە وتی: فڕۆکەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سەنعای پایتەختی یەمەن تا کۆگاکانی ئەنساروڵڵای یەمەن لە ناو ببەن، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکی کەوتووەتە خوارەوە، گۆڕانکارییەکان پیشان دەدات کە شەڕەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و پاش غەززە، لوبنان و سوریا، ئێستا گەیشتووەتە یەمەن و لە داهاتوودا هێرشە مووشەکییەکانی ئەنساروڵڵا زیاتر دەبینین.
حەسەن هانیزادە وتی: ئەنساروڵڵا بانکی زانیاریی لە سەر ئامانجەکانی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا هەیە و لە ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، هێرش دەکاتە سەر ئەو ئامانجانە، بە تایبەت فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و ناوەندە هەستیارە سەربازییەکانی دیکە لە حەیفا و تەل ئەبیب.
ناوبراو وتی: ئەمەش هێزی بەرگری و سەربازیی ئەنساروڵڵای یەمەن پیشان دەدات کە تا ئێستاش لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی بەرگرییەکی زۆری کردووە./.