بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پاش کەوتنی خێرا و چاوەڕواننەکراوی حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، سوپای داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی بۆ یەکەم جار لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا چووە خاکی ئەم وڵاتە و بە بیانووی کردنەوەی ناوچەیەکی پارێزراو، سیاسەتی هەمیشەیی خۆیی لە ناوچەکە پەیرەو کرد، واتە هەمان سیاسەتی لاوازکردن و دابەشکردنی وڵاتانی عەرەبی بە مەبەستی زاڵبوونی تەل ئەبیب بە سەر ناوچەکەدا.
زایۆنیستەکان بە کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی هێز و دەسەڵاتی کەوتنی ئەسەد، سەدان هێرشی ئاسمانییان کردە سەر سوریا و لەو هێرشانەدا کە ڕژێمی زایۆنیستی لە مێژووی خۆیدا بە کەم وێنە ناوی بردووە، ئەم وڵاتەی لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی لاواز کرد.
پێشڕەوی ڕژێمی زایۆنیستی لە خاکی سوریا بە بۆچوونی زۆربەی چاودێران، ئەوەی پیشاندا کە ئەگەر وڵاتان توانا و ئیرادەی بەرگرییان نەبێت، چارەنووسێکی هاوشێوەیان دەبێت و دەکەونە بەر پەلامار و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
داگیرکاری، سیاسەتی لەمێژینەی زایۆنیستەکان
دەستەواژەی ” ئیسرائیلی گەورە ” ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لە ئایدۆلۆژیای زایۆنیستەکاندا هەیە، لێدوانەکانی سەرکردەکانی پێشووی ڕژێمی زاگیرکار و دامەزرێنەرانی بیرۆکەی زایۆنیسم وەبیردێنێتەوە کە بە تەواوی جەختیان لە سەر پەرەسەندنی داگیرکاری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
زایۆنیستەکان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ دابەشکردنی وڵاتانی وەک سوریا، عێراق، سعوودیە، لیبیا، سودان، میسر و ئەردەن و ئەم بیرۆکە تێکدەرانە تەنیا پەیوەندی بە سەرکردە و کەسایەتییەکانی پێشووی ئەو ڕژێمەوە نییە. ئەندامانی کابینەکەی ئێستای نتانیاهۆش بە ئاشکرا ویستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی داگیرکاری لە ئاستی ناوچەکە دەربڕیوە. ئەوان بەردەوام باسیان لە داگیرکاری غەززە، دیمەشق و ناوچەکانی دیکە کردووە.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی، غەززەی بە بەشێک لە نیشتمانی خۆی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە پلانێکی بۆ کشانەوە لەم ناوچەیە نییە.
دابەشکردنی ڕۆژئاوای ئاسیا
ئەم خەون و خەیاڵەی زایۆنیستەکان بە تەنیا ئایدۆلۆژیک نییە، بەڵکوو دامەزرێنەرانی زایۆنیسم بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە ڕێکاری پێویستیان خستووەتەڕوو. زایۆنیستەکان دەیان ساڵە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتانی عەرەبی و گۆڕینی ئەوانیان بۆ چەند دەوڵەتێکی بچووک و لاواز داوە تا بە تەواوی بە سەر ناوچەکەدا زاڵ ببن.
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا پیلانی ئەوەیان داڕشتووە کە عێراق ببێتە سێ دەوڵەتی جیای کوردی، سوننە و شیعە. لوبنان دابەش بکرێت و سوریا لەناو ببرێت. ئەمە تەنیا بیرۆکەیەک نییە بەڵکوو نەخشەڕێگای زایۆنیسمە بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچەکەدا و دەسدرێژییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سوریا ڕاستییەکانی پیلان و نەخشەی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی دەسەلمێنێت.
زایۆنیستەکان لە هێرشەکانی سەر لوبنان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەوڵ دەدەن هێزەکانی حزبوڵڵا بەرەو باکوری ڕووباری لیتانی پاشەکشە پێبکەن و بەمەش هەڕەشەکانی سەر ئەو ڕژێمە کەمبکەنەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەگەر خۆڕاگری حزبوڵڵا نەدەبوو، تانکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو قووڵایی خاکی لوبنان پێشڕەوییان دەکرد و زیاتر لە ناوچەکانی باشوری ڕووباری لیتانییان داگیر دەکرد.
ڕژێمی زایۆنیستی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا لانیکەم 195 جار ئاگربەستی لوبنانی پێشێلکردووە. هێرشەکانی ئەو ڕژێمەش بۆ سەر ژێرخانەکان و ڕووخانی خانوو و باڵاخانەکانی لوبنان، بۆ لاوازکردنی ئەم وڵاتەیە.
خۆڕاگری تەنیا بەربەستە لە بەرامبەر داگیرکاریدا
هێزە چەکدارەکانی لوبنان توانایەکی سنورداریان هەیە و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە هێندە گرنگییان پێنەدراوە. ئەگەرچی هەندێک میکانیزمی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاگربەستی ڕژێمی زایۆنیستی و حکومەتی لوبنان هەهە بەڵام زایۆنیستەکان پابەندی ئاگربەست نەبوون و بەردەوام ئەو ڕێکەوتنەیان پێشێل کردووە.
تەل ئەبیب ئەوەی سەلماندووە کە تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگات و بە واتایەکی باشتر، خۆڕاگریی لوبنان تەنیا دەستەبەری نیشتمانی و ڕاستەقینە لە بەرامبەر دەسدرێژی زایۆنیستەکان دەبێت.
گەلانی ناوچەکە بە ڕووداوەکانی لوبنان و سوریا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە تەنیا لە ڕێگای خۆڕاگری و هێزەوە دەتوانن سەربەخۆیی و سەروەری خۆیان بپارێزن. خۆڕاگری تەنیا قەڵغانێک نییە، بەڵکوو تاکە ڕێگای مانەوە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمەیە کە بە ڕووخاندن و داگیرکاری زیندوو دەمێنێتەوە./.