بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە دوناڵد ترەمۆ لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەبارەت بە چەندین دۆسیە بە تایبەت دۆسیەی ناوەکی، لە ڕێگای عۆمانەوە پەیامی بۆ تاران ناردووە.
پێگەی بغداد الیوم لە سەر زاری ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە لە چەندین ڕۆژی ڕابردوودا دوناڵد ترەمپ لە ڕێگای عۆمانەوە، کە کەناڵێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی پەیام لۆە نێوان تاران و واشنتنە، پەیامێکی نوێی بۆ ئێران ناردووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێی ناوەکی، بەدەر لەو ڕێکەوتنەی ساڵی 2015 کە ناوبراو ساڵی 2018 تاکلایانە کشانەوەی خۆیی لێ ڕاگەیاند.
سەرچاوە ئێرانییەکە ڕایگەیاندووە کە ترەمپ ماوەی چەند مانگێکی بۆ دانوستان لە گەڵ ئێران دیاریکردووە.
بە بۆچوونی ئەو سەرچاوەیە، پەیامەکە گوزارشت لەوە دەکات کە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستانی ڕاستەوخۆ لە ئاستێکی باڵادا لە گەڵ تاران ئامادەیی هەیە و ئەگەر ئێران قبووڵ بکات، ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتنی نوێ لە ئارادایە، هەرچەندە لە ئەگەری ڕێکەوتنیش، پابەندبوونی ئەمریکا دەستەبەر ناکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتەکەی پزیشکیان لەو بڕوایەدایە کە ئاڵۆزبوونی دۆسیەی ناوەکی ئەنجامێکی نابێت و ڕەنگە دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت و بە پێی بەشی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران دەکەوێتە تەڵەی سزای بەرفراوان و نێودەوڵەتییەوە و چین و ڕووسیاش لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبن./.