بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەرچی عێراق بە هۆی دۆخی سوریا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە ڕوبەڕوی دۆخێکی نەخوازراو بووەتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن کە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لە سەر کەرتی ئابوری عێراق هێندە زۆر نییە.
شارەزایان بۆ ئەمەش ڕایانگەیاندووە کە عێراق پشت بە بازاڕی جێگرەوە و پاشەکەوتە ستراتیژییەکانی دەبەستێت و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئابوری عێراق ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری ئەرێنی و بەرچاو بەخۆوە ببینێت.
محەممەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە کە پاشەکەوتی مادە خۆراکییەکان لە ئاستێکی باشدایە و هیچ کەمبوونێک نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە عێراق پشت بە بازاڕی سوریا نابەستێت و زۆربەی پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا لە گەڵ وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا و سعوودیەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە دۆخی ئابوری سوریا بە هۆی ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2011 تا ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد و هەروەها سزا نێودەوڵەتییەکان وایکردبوو کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق لە گەڵ ئەم وڵاتە زۆر نەبێت.
بەڵام ڕەشید سەعدی وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەغدا ڕایگەیاندووە کە قەیرانی سوریا بە تایبەت لە ڕووی گەشتیاری و هاتنی زیارەتکارانەوە کاریگەری لە سەر عێراق دادەنێت.
ناوبراو پێی وایە کە ئەم کاریگەرییانە لە بواری ئاڵوگۆڕ بازرگانییەکانیشدا بەدی دەکرێت و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر کاڵا و بەرهەمی سوری بە ڕێگای بازاڕی ڕەشدا هاوردەی عێراق دەکرا.
شارەزایانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە بازرگانانی ئەم وڵاتە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ئێران و تورکیاوە قەرەبووی بازاڕی سوریا بکەنەوە و ئەمەش وا دەکات گوشار لە سەر بازاڕەکانی عێراق نەبێت و نرخی کاڵا و شمەک بەرز نەبێتەوە./.