بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەک شەممە 22 ی کانوونی یەکەمی 2024 پێشوازیی لە فەرامەرز ئەسەدی سەرکۆنسووڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر کرد.
سەفین دزەیی لەو کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوانێت.
ناوبراو وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون و هیوای سەرکەوتن بۆ سەرکۆنسووڵی نوێی ئێران، جەختی لە سەر هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتر لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە پێناو سوود و بەرژەوەندی هەر دوو لادا کردەوە.
سەرکۆنسووڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە پەیوەندی دێرینی نێوان هەر دوو لا، ڕایگەیاند کە بە هاوکاری هاوبەش، ئاستی پەیوەندییەکان دەبرێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر./.