فەرامەرز ئەسەدی سەرکۆنسووڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە وتوویژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، ئاماژەی بە بەشێک لە خزمەتە بەرامبەرەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە یەکتر دا و جەختی لە سەر ڕاگەیاندنی ئەو خزمەتانە بۆ ئاگاداری جیلی نوێ کردەوە.
ناوبراو پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانی بە دێرین و پتەو ناو برد و ڕایگەیاند کە پلانی گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا داڕێژراوە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی بەڕێزتان وەک سەرکۆنسووڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، واتە لەو کاتەی کە کۆنسووڵخانەتان وەرگرتووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باش و خوازراوە بەڵام بەرپرسانی هەر دوو لا، هەم کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان، چاوەڕوانییەکی زیاتر لەمەی ئێستایان هەیە. ئێمەش بەڵێنمان بە هەر دوو لا داوە، واتە هەم بە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەم پەیوەندییانە کە لە ئاستێکی باش و خوازراودایە، زیاتر لەمەی ئێستا لە بوارە جیاجیاکاندا گەشە بدەین.
گرنگترین خاڵە بەهێز و لاوازەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و هەولێر لە چیدا دەزانن؟
گرنگترین خاڵ کە دەتوانم ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە خزمەتە بەرامبەرەکان باس نەکراوە. واتە ئەو خزمەتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەرێمی کوردستانی گەیاندووە و لە بەرامبەردا ئەو خزمەتانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران کراوە. دەتوانین بڵێین کە بەشێکی زۆر کەم لە هەمان جیلی پێش و پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاگاداری ئەو خزمەتانەن و پەیوەندی و خزمەتەکان زۆر لە ڕاگەیاندنەکاندا باس نەکراوە. چین و توێژەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو خزمەتانە نین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بە هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی گەیاندووە.
پلانی بەڕێزتان بۆ گەشەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان چییە و زیاتر گرنگی بە چ بوارێک دەدەن؟
لە گەڵ برادەران لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کەلتوری، کۆمەڵایەتی، زانستی و ئەمنی دەستپێکردووە کە هیوادارین لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا بگاتە ئەنجامی گرنگ و هەلومەرجی باشتر دابین بکات.
پەیوەندییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەموو کات لە پەراوێزی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکاندا بووە و کاریگەریی لەم پەیوەندییانە وەرگرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکاندا بێت. بە دیاریکراوی بڵێن لەم بوارەدا چ پلانێکتان بۆ جێبەجێکردن هەیە؟
لە بواری کەلتوری و کۆمەڵایەتی بەشێکی زۆری پلان و بەرنامەکان لە لایەن خەڵکەوە بەرەوپێش براوە. بە پێچەوانەی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان کە جۆرێک لە گلە لە نێوان هەر دوو لادا هەیە. وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان یەکەمایەتی هەر دوو لایە. وەک ئاماژە درا ئیرادەیەکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە. کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. سەردانەکەی بەڕێز سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیاندا بۆ عێراق ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.
پەیوەندییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕەنگە مێژوویەکی زیاتریان لە پەیوەندییەکانی دیکە بێت، بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندییانە چی دەکەن؟
پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی گرووپ و شاندە کەلتورییەکان، شاندە زانکۆکییەکان، خوێندکارانی زانکۆ، شاندە وەرزشی و هونەرییەکان و هتد. بە شێوازێک کە بتوانین لەم ڕێگایەوە بگەینە پاراستن و گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییانە.
پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان پشت بە چەندین قۆناغی مێژوویی وەک بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس و شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش دەبەستێت، بەداخەوە کە دوژمنان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی ئەوەیان داوە کاریگەری نەرێنی لە سەر ئەم پەیوەندییانە دابنێن. بۆ ڕێگری لە سەرکەوتنی ئەم هەوڵانەی دوژمنان چ ڕێوشوێنێک خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
ئێمە دەبێت لە کۆبوونەوە و بەرنامە و چاوپێکەوتنە میدیاییەکان لە گەڵ برادەرانی خۆمان بۆ هەمان پەیوەندی دۆستانە و نزیکی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بگەڕێینەوە. لە کۆبوونەوەم لە گەڵ برادەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەم وەبیرهێناوەتەوە کە هەر دوو لا لە قۆناغە مێژووییەکاندا تاقیکردنەوەی زۆرمان پێکەوە هەبووە و قەیرانی زۆرمان تێپەڕ کردووە. لە میانەی ساڵانی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەدام خوێنی زۆر ڕژا و تێچوویەکی زۆرمان پێکەوە داوە و سوپاسی خودا دەکەین کە ئەنجامی هەبووە. پەیوەندییەکانی ئەو سەردەمە بە پێی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەبووە. کۆماری ئیسلامی شۆڕشێکی ساوا بووە و لایەنە کوردییەکانیش هەر لە سەرەتاوە هاوکارییان لە گەڵ ئێمەدا بووە. لە شەڕی سەپێندراوی سەدامیش کە پشتیوانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەبوو، برایانی کوردی عێراقی هاوکاری ئێمەیان دەکرد. سوپاسی خودا دەکەین کە هەرێمی کوردستانی ئێستا ئەنجامی خەباتی برایانی کوردە لە دژی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو.
کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان ڕکابەری زۆر بەهێزیان هەیە. بەڕێزتان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان بە تایبەت لە بواری زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و پشکی ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چ بەرنامەیەکتان هەیە؟
لەو بڕوایەدام کە ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی ئێران کێشە و بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنان و هەناردە چارەسەر بکەین، پەیوەندییەکان بە تایبەت لە نێوان خەڵکدا زیاتر گەشە دەستێنێت. لەم پێناوەدا چارەسەرکردنی بەربەست و کێشەکان بە تایبەت لە سنورە نێودەوڵەتییەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە. هەناردەی کاڵای بەکوالیتی لە ئێران بە پێی حەز و خواستی بەکارهێنەری هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگە. بازرگانان و هەناردەکارانی ئێرانی دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەن و ئەوەی کە لە گرێبەستە هاوبەشەکاندا هاتووە جێبەجێی بکەن.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسیدا پارێزگارانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەو سەردانانەدا چەندین یادداشتی لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتننامەی هاوبەش واژۆ کرا. جیدیبوونێک لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەدا بەدی ناکرێت. دەکرێت لەم بوارەدا بۆچوونی خۆتان بڵێن؟
پەیوەندی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەگەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەدا هەبووە بە هۆی گۆڕینی پارێزگاران لە ئێراندا بووە و ئاساییە کە شتی وا هەبێت. ئەو ڕێکەوتنانە وەک خۆیان ماونەتەوە و جێبەجێ دەکرێن و پەیوەندی نێوان پارێزگا سنورییەکانیش باشتر دەبێت.
سوپاس بۆ ئەو کاتەی بە جام کوردیتان بەخشی.