بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ سێ شەممە 24 ی کانوونی یەکەمی 2024 ، فەرامەرز ئەسەدی سەرکۆنسووڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر بە مەبەستی چاوپێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کرد.
سەرۆکی هەرێم لەو چاوپێکەوتنەدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی سەرکۆنسووڵی نوێی ئێرانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتگیری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا ئەسەدی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بایەخێکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا دەڕوانێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا هەر دوو لا لە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد./.