بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد سەبارەت بە هاتووچۆی شاندەی ئەورووپی و ئەمریکییەکان بۆ دیمەشق لە پاش کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و کۆبوونەوەیان لە گەڵ ئەحمەد شەرع (ئەبومحەممەد جۆلانی) سەرکردەی دەستەی تەحریری شام، وتی: هەر ڕۆژ کە بە سەر کەوتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەددا تێپەڕ دەبێت جۆلانی هەوڵ دەدات ڕواڵەتێکی میانەڕۆ لە خۆی پیشان بدات و ئەمەش هانی وڵاتان دەدات لە سوریای نوێ نزیک ببنەوە و ئەو ترس و نیگەرانییەی پێشوویان سەبارەت بە پێشینە و کارنامەی تیرۆریستیی جۆلانی و گرووپەکەی نەمێنێت.
ناوبراو وتی: هاتووچۆی شاندەکان بۆ دیمەشق بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و ئاگاداربوون لە هەڵوێستی جۆلانییە.
ئەو شارەزای کاروباری نێودەوڵەتییە سەبارەت بە تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە سەر ئێستای سوریا و سەرکردایەتی نوێ و کاتیی ئەم وڵاتە، وتی: وڵاتانی عەرەبی هێشتا وریایی پێویستیان بۆ نزیکبوونەوە لە جۆلانی لە دەست نەداوە. سعوودیە، میسر، ئیمارات، کوێت و بەحرەین لەو وڵاتانەن کە نزیکایەتییان لە گەڵ سوریا هەیە و لە لایەکی دیکەوە بۆ کەوتنی ئەسەد و لەناوچوونی بەرەی خۆڕاگری لە سوریا هەست بە خۆشی دەکەن، بەڵام هێشتا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەوەن کە ئایا ئیمتیازێک بە تەحریری شام بدەن یان پێویست بە وردبینی زیاتر دەکات. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وڵاتانی عەرەبی بە نیگەرانییەوە سەیری سوریا دەکەن، کاریگەری زۆری تورکیا لە سەر دەستەی تەحریری شام و داهاتووی سوریایە.
فەرەجی ڕاد وتی: سەرەڕای ئەوەی کە جۆلانی گڵۆپی سەوزی بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە هەڵکردووە و دەیەوێت ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتانە لە سوریا دووبارە بکاتەوە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی بە نیگەرانی و وریاییەوە لە سوریا و ڕووداوەکانی ئەم وڵاتە دەڕوانن.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس سەبارەت بەوەی کە قسە و لێدوانەکانی جۆلانی کاتییە یان نە، یان کەسێکی سەر بە ئیخوان موسلمینە و عەرەبەکان لە ئیخوان دەترسن و ئەوەی کە ئایا سوریا سەقامگیر دەبێت یان بەرەو ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی دەڕوات، نیگەرانن. ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە گەڵ کوردانی سوریا زیاتر بووە. وڵاتانی عەرەبی دەیانەوێت ڕووی سوریا لەوان بێت نەک تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەر بۆیە ڕەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی بەدەر لە قەتەر ببینرێت. قەتەر ئەوەی پیشانداوە کە لە گەڵ تورکیایە و پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ دەستەی تەحریری شامدا هەیە.
فەرەجی ڕاد وتی: میسر، ئیمارات و سعوودیە لە ڕووداوەکانی سوریا هەست بە نیگەرانی دەکەن، نیگەرانییەکەی ئەوان بۆ ئەگەری زاڵبوونی ڕەوتی ئیخوانی بە سەر سوریادا دەگەڕێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە دۆخەکە هاندەری دانیشتووانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی بێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی وتی: وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا پێشتر هەڵسەنگاندنی خۆیان لە سەر دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە کردووە و پاش زاڵبوونیان بە سەر سوریادا، لە پەیوەندییەکانیان، هەندێک مەرجیان بۆ جۆلانی دیاری کردووە. ئەوان داوایان کردووە کە جۆلانی نابێت بە هیچ شێوازێک لە ئێران نزیک ببێتەوە و ئەمەیان لە میدیاکاندا باس کردووە. ئەوان جەخت لە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانی دەکەنەوە کە سەرجەم لایەنەکان و تەنانەت کەمینەکانی سوریای تێدا بەشدار بێت، ئەمەش لە
چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و گشتگیر دەبێت. بەڵام دیار نییە کە سێ مانگی دیکە سەرۆکی نوێی سوریا لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازادەوە دیاری دەکرێت یان سەرۆک و حکومەتێکی کارتۆنی پێکدەهێندرێت.
ناوبراو پرسی کوردەکانی سوریای بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گرنگ ناو برد و وتی: لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لە ناوچە کوردییەکانی سوریادا هەیە، تورکیا هۆکار و هاندەری سەرەکی ئەم شەڕەیە و گرووپەکانی سەر بەم وڵاتە و دەستەی تەحریری شام دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر کوردەکان و ئەگەر ئەمە ڕووبدات، بە دڵنیاییەوە کە ئەمریکا و ئەورووپا لە جۆلانی و دەستەی تەحریری شام دوور دەکەونەوە.
وتیشی کە کۆچکردن خەڵکی سوریا بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی جۆلانیدا نییە، زیاتر بووە و ئەمەش پیشان دەدات کە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی لە سوریا یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەیە./.