بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێشتا هیچ لایەنێکی فەرمی هەواڵی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی پشتڕاست نەکردووەتەوە بەڵام دەوترێت کە ئەو کۆبوونەوە بە نێوەندگێڕی و هەوڵی فەرەنسییەکان لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی سوریا و داهاتووی کوردانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ یەکەم جار فەرماندەی هەسەدە و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا سەبارەت بە یەکڕیزی کورد لە سوریای نوێ کۆبوونەوە تا بتوانن کێشە و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
دەوترێت کە ئەم کۆبوونەوەی نێوان هەسەدە و ئەنەکەسە، بەرهەم و ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی (کۆبانێ) و مەسعود بارزانی بووە.
بە پێی زانیارییە میدیاییەکان، کۆبوونەوەکەی نێوان عەبدی و بارزانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە نێوەندگێڕی فەرەنسییەکان بووە. فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات چووەتە پیرمام و سەردانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کردووە و هەر دوو لا سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و یەکخستنی بۆچوون و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان وتووێژیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی تەنیا بە تەلەفوون وتووێژیان کردووە./.