بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای خوراسانی باکور و لە چاوپێکەوتنێکی گشتیدا لە شاری بجنورد، جەختی لە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە خەڵک کردەوە.
ناوبراو وتی: بەڵێن بە خەڵک دەدەم تا ئەوەی بتوانم بە یارمەتی خودای گەورە کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەکەم.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دوژمن نایەوێت ئێمە ئاسایش، سەقامگیری و پێشکەوتنمان هەبێت، ئێمەش بە ناکۆکییەکانمان بەستێنی زیاتربوونی دەستێوەردانەکانی دوژمنمان دابین کردووە، ئەم کێشانەش بە پشت بەستن بە توانای ناوخۆیی و کەڵک وەرگرتن لە ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و چارەسەرکردنی ناکۆییەکان بەرەو کۆتایی دەبرێن.
پزیشکیان جەختی لە سەر یەکڕیزی نێوان وڵاتانی ئیسلامی کردەوە و وتی: بەداخەوە کە ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامدا ناکۆکییەکی زۆر دەبینین، ڕژیمی زایۆنیستی بە چەند ملیۆن حەشیمەتەوە وڵاتانی ئیسلامیی تووشی کێشە کردووە، ئەگەر موسڵمانانی ناوچەکە یەکگرتوو بن، هیچ هێزێک ناتوانێت مافەکانی ئەوان پێشێل بکات، پێویستە موسڵمانان بڕوایان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و بە درووستی کەڵک لە سەرچاوەکان وەربگرن.
ناوبراو وتی: بە هاوکاری خەڵک وڵاتمان ئاوەدانتر دەکەینەوە و لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەیوەندییەکی دۆستانەمان دەبێت و شەڕمان لە گەڵ هیچ وڵاتێک نابێت./.