بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونی سەید ڕەزی موسەوی لە ڕاوێژکارانی سەربازی، وتی: سیاسەتی دوژمن لە ڕووی سەربازییەوە ئەوەیە کە گوشارەکان لە سەر خەڵک چڕتر بکاتەوە تا ئیرادەی خۆڕاگری نەمێنێت بەڵام ئەم سیاسەتە لە فەڵەستین و غەززە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هێشتا لە غەززە خۆڕاگریی خەڵک بەردەوامە، وتی: خۆڕاگری بە شەهیدبوونی فەرماندەکانی لەناو نابرێت و بەردەوام لە بەرامبەر دوژمناندا دەمێنێتەوە.
وەزیری بەرگری ئێران بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی سوریا وتی: ئێمە کاتێک لە سوریا بووین یارمەتی سەقامگیری ئەو وڵاتەمان دەدا بەڵام ئێستا کە لەوێ نەماوین دوژمن تەنانەت لە قسەی ئێمەش دەترسێت و بەیاننامە دەردەکەن کە دەستێوەردانتان نەبێت، لە ڕاستیدا ترسی ئەوان لە خۆڕاگرییە.
نەسیرزادە وتی: تەمەنی وڵاتی ئەمریکا بە گشتی 250 ساڵە و لە ڕێگای وەرەمێکی شێرپەنجەیی 70 ساڵەوە دەیەوێت سەرچاوەکانی ناوچەکە تاڵان بکات، دەڵێن لە پاش سوریا نۆرەی یەمەن و ئێرانە، بێ ئاگا لەوەی کە ئێران تا ئێستا شکستی بە سەرجەم پیلانەکانی ئەوان هێناوە.
وەزیری بەرگری ئێران وتی: لە سەردەمی ئامادەبوونی ئێمە لە سوریا، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە بۆنەی ئێرانەوەیە، بەڵام پاش کشانەوەی ئێمە، زایۆنیستەکان بە سەدان هێرشیان کردووەتە سەر سوریا و ئەوانەی سازشتیان کردووە تەنانەت یەک بەیاننامەیان لە دژی هێرش و دەستدرێژییەکان دەرنەکردووە.
ناوبراو وتی: لە ڕووی سەربازی و بەرگرییەوە پەرەمان بە توانا و پێشکەوتنەکان داوە و لە زنجیرە مانۆڕێکدا کە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێدەکات هێزی سەربازی و بەرگری خۆمان پیشان دەدەین./.