بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکایەتی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی ساڵیادی حەماسەتی 9 ی بەفرانبار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بە تایبەت گۆڕانکارییەکانی سوریا، پیشاندەری بەردەوامی شەڕەنگێزی، ناسەقامگیری و قووڵایی دوژمنایەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە سەرکردایەتی شەیتانی گەورە ئەمریکای تاوانبارە لە گەڵ گەلانی ئازادیخواز و نابێت گومان لەوەدا بێت کە ئەوەی لە سوریا ڕوویداوە بەرهەمی نەخشە و پیلانێکی هاوبەشی ئەمریکی – زایۆنیستییە.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئاشکرایە دەسەڵاتی خۆسەپێن بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەوڵی مسۆگەربوونی ئامانجە شەیتانییەکانی خۆی بە تایبەت تاڵانکردنی سەرچاوەکان و چەوساندنەوەی موسڵمانان دەدات و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئێستادا بە گەورەترین بەربەستی بەردەم زوڵم و تاوانەکانی خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە سەرجەم توانا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی بەکار بێنێت، بەڵام ئەگەر ڕابردووی خۆی وەبیربێنێتەوە دەزانێت کە وەک هەمیشە سەرجەم خەون و پیلانەکانی لە لایەن گەلی قارەمانی ئێرانی ئیسلامییەوە پێشێل دەکرێت و بە یارمەتی خودای گەورە لە سوریاش هیچ دەسکەوتێکی نابێت./.