بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پێی ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، لە ساڵی 1970 تەنیا 15%ی تووشبوون بە شێرپەنجە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا تۆمارکراون، کە لە ساڵی 1980 گەیشتووەتە 56% و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030 بگاتە 70%. ساڵانە ١٢ هەزار کەس لە ئێران تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن دەبن؛ بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی پێویستە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروی 50 ساڵەوەیە و ئەو کەسانەی پێشینەی خێزانی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن هەیە، ساڵانە یەکجار پشکنین بۆ ئەم شێرپەنجەیە بکەن. تەمەنی سکرینکردن لەو کەسانەی کە پێشینەی خێزانی شێرپەنجەی قۆڵۆنیان هەیە ١٠ ساڵ کەمترە لە کەسانی تر.
کۆلۆنۆسکۆپی ڕێگەیەکی باو بۆ دیاریکردنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە. بە هۆی کێشەکانی کۆلۆنۆسکۆپی، پشکنینی شێرپەنجەی قۆڵۆن پێویستی بە شێوازێکی ئاسان و هەرزان و خێرا و ورد هەیە. لە ئەنجامدا کیتی دەستنیشانکردنی خێرا باشترە لە شێوازەکانی وەکوو کۆڵۆنۆسکۆپی و وڵاتان مەیلیان بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە هەیە.
تا چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئێران کیتەکانی کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بۆ تاقیکردنەوەی خێرا بەکاردەهێنران، بەڵام دوای سزاکان هاوردەکردنی ئەو جۆرە کیتانە ڕووبەڕووی کێشە بووەوە. بۆیە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا کیتی نانۆ (PKM2) و FOB)) ی بە وردی زیاتر لە 90% بەرهەمهێناوە و خستووەتە بازاڕەوە. بڕی هاوردەکردنی کیتی دۆزینەوەی خێرا بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن ساڵانە 300 هەزار دۆلار بووە، کە بە هۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە چیتر پێویست ناکات هاوردە بکرێت.
لە ساڵی ڕابردووەوە بنکە تەندرووستییەکان لە سەرانسەری وڵات دەستیان بە پشکنینی سێ ملیۆن کەس کردووە و ئەم کیتە نانۆیانە بۆ پشکنینی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس بەکارهێنراون. بەداخەوە شێرپەنجەی قۆڵۆن بە زۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە، هەر بۆیەش سکرینکردن پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم شێرپەنجەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. سکرینکردن دەتوانێت ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە قۆناغە سەرەتاییەکان و چارەسەرکردن بە تێچووی کەمتر و سەرکەوتنی زیاتر، و ڕێگریکردن لە ڕوودان و مردنی نەخۆشەکان.
ئەم پشکنینە خێرایانەی دەستنیشانکردن بۆ پشکنینی شێرپەنجەی قۆڵۆن خێران، ناداگیرکەرن، هەرزانن و دەتوانرێت لە هەموو ناوچە جوگرافییەکان ئەنجام بدرێت. ئەم کیتانە پێویستیان بە ئامێر و ئیمکاناتی تاقیگەیی نییە. بە هۆی هەرزان و ئاسان بەکارهێنانی و ئەنجامە خێرا دیارەکانی (زۆرجار لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ خولەک) بە چاوی بێ یارمەتی و بە بێ پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ، دەتوانرێت وەک تاقیکردنەوەی سکرینکردن لە سەر ئاستی کۆمەڵگا بەکاربهێنرێت.
دەستنیشانکردن بە کیتی تاقیگەیی ئامرازێکی گرنگە لە سیستەمی تەندرووستیدا؛ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نزیکەی 66%ی بڕیارە کلینیکیەکان دەبێت، لە کاتێکدا تەنیا نزیکەی 2.3%ی تێچووی چاودێری تەندرووستی پێکدەهێنێت.
سوودەکانی پشکنینی خێرا بۆ دەستنیشانکردن بریتین لە:
*ئەم شێوازە پێویستی بە کەرەستەی پێشکەوتوو نییە و بە ئاسانی دەتوانرێت لە هەر شوێنێک ئەنجام بدرێت.
*ئەم شێوازە پێویستی بە هەنگاوی ئاڵۆز نییە بۆ ئامادەکردنی نمونەکە.
* خێرا وەڵامەکەی پیشان دەدات و وەڵامەکەی بە چاوی ئاسایی دەبینرێت.
*ئەنجامی ئەم پێوانانە پێویستی بە لێکدانەوەی تاقیگەیی نییە و دەکرێت لە لایەن خەڵکەوە سوودی لێ وەربگیرێت.
*نرخەکەی هەرزانە و بازاڕی بەکاربردنی گونجاوی هەیە.