بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ 13 ی بەفرانباری 1403 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 2 ی کانوونی دووەمی 2025، هاوکاتە لە گەڵ پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی بە دەستی تیرۆریستانی ئەمریکی. فەرماندەیەک کە بۆ خزمەتکردن بە خەڵک و زوڵملێکراوان کات و ساتی نەدەناسی و لە هەر شوێنێک پێویست بە بوونی ئەو دەبوو، بە خێرایی ئامادەیی خۆیی پیشان دەدا و هەر ئەم ورە و تێکۆشانە لە گەڵ بیرکردنەوە سەربازییەکەی بووە هۆی ئەوەی کە نەک تەنیا بۆ گەلی ئێران، بەڵکوو بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش ببێتە کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو و هەمیشە زیندوو.
شەهید سولەیمانی کاتیک عێراق هەڕەشەی تیرۆریزمی داعشی لە سەر بوو، لە گەڵ هاوڕێ عێراقییەکانی حەشدی شەعبیی دامەزراند و ڕۆڵی گەورەی لە شکستی پیلانی داعش سەبارەت بە عێراق هەبوو.
لە سەر دەستی شەهید سولەیمانی، عێراقییەکان گەورەترین دامەزراوەی سەربازیی دژ بە تیرۆریان هەیە. حەشدی شەعبی سوپایەکی بەهێزە کە لە گەنجانی ئیماندار و نیشتمانپەروەر پێکهاتووە و تا ئەم دامەزراوەیەش بێت هیچ مەترسییەک لە سەر عێراق بوونی نابێت.
بە هەمان شێوە شەهید سولەیمانی لە سوریاش یارمەتیدەری خەڵک و حکومەتی ئەو کاتەی دیمەشق بوو. تا شەهید سولەیمانی لە ژیاندا بوو تیرۆریستانی سوریا هیچ هەڕەشەیەکیان لە سەر دەسەڵاتی پێشووی ئەو وڵاتە نەبوو.
ئەم خەبات و تێکۆشانەی شەهید سولەیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش بووە هۆی شکستی پیلانێکی مەترسیدار کە بۆ ئێران دانرابوو. پیلانەکەش بەو شێوەیە بوو کە لە سوریا و عێراقەوە تیرۆریست پەروەردە بکرێن و بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی لە لایەن ئەمریکا و دوژمنانی دیکەوە ڕەوانەی ناوخۆی ئێران بکرێن، بەڵام شەهید سولەیمانی ئەو پیلانەی دوژمنانی تووشی شکست کردەوە.
هاوکارییەکانی شەهید سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستانیش لەبیر ناکرێت. لە سەعدیە و جەلەولاوە تا مەخمور، بە تایبەت لەو کاتەی داعش هەڕەشەی هێرشی سەر هەولێری دەکرد، شەهید سولەیمانی قارەمانانە پاشەکشەی بە تیرۆریستانی داعش کرد و هەولێر و خەڵکەکەی ڕزگار کران.
ئەمانە چەند نموونەیەکی زۆر کەمی خەباتی چەندین ساڵە و تێکۆشانی فەرماندەیەکن کە بۆ هەمیشە لە دڵی مرۆڤە بەویژدانەکاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە./.