بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جگەر زیاتر لە 500 ئەرکی گرنگ بۆ لەش ئەنجام دەدات. جگەر شوێنی کارلێکی جۆراوجۆری بایۆکیمیایی و پاککردنەوەی ژەهراویبوونی جەستەیە، ڤیتامین و کانزاکان لە جگەردا هەڵدەگیرێن. لەبەرئەوەی ئەم ئەندامە گرنگە بۆ کارکردنی ڕۆژانەی لەش، دەکرێت کاریگەری لەسەر زۆرێک لە چالاکییەکان هەبێت کە ئەنجامی دەدەین، بۆیە ئەو خۆراکانەی دەیخۆین، ئەو شتانەی دەیخۆینەوە، ئەو خووانەی پەیڕەوی لێدەکەین، هەموویان کاریگەرییان لەسەر تەندروستی جگەر هەیە.
جگەرەکێشان
نەک تەنها شێرپەنجەی سییەکان بەڵکو شێرپەنجەی جگەریش پەیوەندی بە جگەرەکێشانەوە هەیە. ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان لە تووتنی جگەرەدا دەبنە هۆی هەوکردن و لە کۆتاییدا نەخۆشی سیرۆزیس. جگەرەکێشان بەرهەمهێنانی سایتاکینەکان زیاد دەکات، ئەو ماددە کیمیاییانەی کە هەوکردن زیاد دەکەن و زیان بە جگەر دەگەیەنن.
کێشی زۆر
قەڵەوی و زیادبوونی کێش بەو مانایەیە کە شانە یان خانە چەوریەکان زۆرن. ئەمانە پرۆتینی ژەهراوی دەردەکەن کە زیان بە شانەکانی جگەر دەگەیەنن. قەڵەوی زیان بە جگەر دەگەیەنێت و تەنانەت دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر.
شێوازی ژیانی سترێساوی
فشاری درێژخایەن بۆ ماوەی ساڵان دەبێتە هۆی تێکچوونی جگەر. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم ئەندامە پەیوەندی بە هەستکردن بە توڕەییەوە هەیە، هەستکردن بە فشاری زۆر یان توڕەبوون دەبێتە هۆی زیانێکی هەمیشەیی.
زۆر خواردنی خوێ
زۆر خواردنی خوێ ناسراوە کە پەستانی خوێن زیاد دەکات. بەڵام خوێ تەنها پەستانی خوێن زیاد ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی نەخۆشی چەوری جگەر لەڕێگەی کۆکردنەوەی شلە لە جگەر (ڕاگرتنی ئاو) و ئاوسانی. کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێی پرۆسێس کراو یەکێکە لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ.
خواردنەوە گازییەکان
خواردنی خواردنەوە گازییەکانی دەوڵەمەند بە شەکر دەبێتە هۆی قەڵەوی و بۆ تەندروستی جگەر گونجاو نییە. ئەو کەسانەی ڕۆژانە چەند پەرداخێک سۆدە دەخۆنەوە زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە جگەری چەوری هەیە./.