بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەلال ئەسەدی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆڤید و ئەنفلۆنزا، نیشانە و ڕێگاکانی گواستنەوە و ئاڵۆزییەکانی ئەنفلۆنزای ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی باوی ڤایرۆسییە و بە زۆری لە پایزەوە تا سەرەتای بەهار ڕوودەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی تووشکەری ڤایرۆسییە و کاریگەری لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان هەیە، لەوانە لووت و قوڕگ و سییەکان. نیشانەکانی ئەنفلۆنزا بە زۆری لەناکاو دەردەکەون و بریتین لە تا، کۆکە، قورگ ئێشە، ئاوبوون یان گیرانی لووت، ئازاری ماسولکە و جەستە، سەرئێشە، ماندوێتی، و لاوازی و لەرز. لە هەندێک حاڵەتدا بەتایبەت لە منداڵاندا نیشانەکانی وەک سکچوون و ڕشانەوە دەبینرێن.
ئەسەدی سەبارەت بە ڕێگاکانی گواستنەوەی ئەنفلۆنزا وتی: نەخۆشییەکە لە ڕێگەی دڵۆپە هەناسەییەکانی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە کە لە کاتی کۆکە، پژمین یان قسەکردنی کەسێکی تووشبوودا لە هەوادا بڵاودەبێتەوە. دەست لێدان لە ڕووی پیسبوو و پاشان دەست لێدانی دەم و لووت یان چاویش دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.
ئەم پسپۆڕە گروپە مەترسیدارەکانی خستۆتە لیستی ئەو گروپانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوە، منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ، ئافرەتی دووگیان، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک دڵ، سییەکان، گورچیلە، جگەر، شەکرە و کەموکوڕی سیستەمی بەرگری لەش.
ناوبراو کوتانی ساڵانەی بە باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزا زانی و جەختی لە سەر شۆردنی زۆرجار دەستەکان بە ئاو و سابون و بەکارهێنانی پاککەرەوەی دەست کە بنەمای کحولی تێدایە، دوورکەوتنەوە لە دەست لێدانی دەموچاو، دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی نزیک لە گەڵ کەسانی نەخۆش، هەروەها داپۆشینی دەم و لووت لە کاتی کۆکەدا و پژمینیش کردەوە.
جەلال ئەسەدی سەبارەت بە چارەسەری ئەنفلۆنزا وتی: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پشوودان و خواردنەوەی بڕێکی زۆر شلەمەنی و خواردنی دەرمانی ئازارشکێن وەک ئەسیتامینۆفین بەسە بۆ کەمکردنەوەی تا و ئازار. لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک دەرمانی دژە ڤایرۆسی بۆ بنووسێت کە دەتوانێت ماوەی نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە و ڕێگری لە ئاڵۆزییەکان بکات.
ئەم پسپۆڕە سەبارەت بە کوتان ئاماژەی بەوە کردووە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەری تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە سەرەتای پایزەوە تا بەهار هەیە، خەڵک دەتوانن ڤاکسینەکە دەرزی لێبدەن ئەگەر لە دەرمانخانەکاندا بەردەست بێت./.