بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەتوانرێت گۆت یاریزانی سەرسوڕهێنەری ئوسترالی وەک ئوساین بۆڵتی داهاتووی جیهانی وەرزشی بناسێنرێت. لە شێوازی ڕاکردن و جەستەی باریکەوە تا دەگاتە هەڵسووکەوتی لە هۆڵی وەرزش و لە هەمووی گرنگتر ئەو ژمارەی پێوانەییانەی کە تۆماری کردووە، ئەم گەنجە یاریزانە تەمەن ١٧ ساڵەکە بە جێنشینی بۆڵت لەبەرچاو بگرن. بۆڵت سەبارەت بەم هەرزەکارە وتی: بینینی ساڵانی هەرزەکاریم بیردەخاتەوە.
بەراوردکردن لە گەڵ پاڵەوانی هەشت جار ئۆڵۆمپیاد و خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانی لە 100 و 200 مەتردا، نزیکی بووەتە ڕووداوێکی ڕۆژانە بۆ گۆت.
ناوبراو لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: ئەم بەراوردکردن و گفتوگۆیە زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە ئوساین بۆڵت باشترین وەرزشکاری هەموو سەردەمێکە و هەستێکی خۆشە کە بەراورد بکرێت لە گەڵیدا. بێگومان من گۆت گۆتم، بۆیە هەوڵدەدەم ناوێک بۆ خۆم دروست بکەم. ئەگەر بتوانم بگەمە ئاستی ئەو، سەرکەوتنێکی گەورەم بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی مۆپۆ، دایک و باوکی ڕاکەرەکە کە جگە لە خۆی شەش منداڵی دیکەیان هەیە، لە باشوری سودان (یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، کە ڕووبەڕووی چەندین قەیران و ململانێ بووەتەوە) کۆچیان کردووە بۆ ئوسترالیا وە گۆت گۆت لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئوسترالیا لە دایکبووە.
شکاندنی سەرجەم ژمارە پێوانەییەکان لە ئۆسترالیا
لە پاڵەوانێتی قوتابخانەکانی ئۆسترالیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، ئەم ڕاکەرە بە 20.04 چرکە لە 200 مەتردا ڕادەکات، بەم ژمارە پێوانەییە توانی هەموو ڕیکۆردەکانی 200 مەتری ئوسترالیا بشکێنێت، بە بەشی گەورەساڵانیشەوە. ڕیکۆردی پێشووی پیتەر نۆرمان بە 20.06 چرکە لە ئۆڵۆمپیادی مەکسیکۆ سیتی ساڵی 1968 تۆمارکرابوو، کە تیایدا پلەی زیوی بەدەستهێنا.
9 سەد لە ئوساین بۆڵت خێراترە
گۆت بەم ژمارە پێوانەییە باوەڕپێنەکراوە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا ژمارەی پێوانەیی بۆڵتی شکاند. لە لیستی باشترین ڕاکەرانی خوار ١٨ ساڵ کە لەلایەن کۆمەڵەی جیهانی فیدراسیۆنە وەرزشییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی پێوانەیی گۆت گۆت ٩ سەد لە چرکە زیاترە لە ڕیکۆردەکەی ئوساین بۆڵت.
سێباستیان کو سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم دیاردەیە وتی؛ گۆت گۆت بەهرەیەکی نایاب و سەرنجڕاکێشە لە جیهانی ڕاکردندا. چوونە ناو گۆڕەپانی گەورەساڵان هەمیشە تەحەدایەکی گەورەیە. زۆرێک لەم کارەدا شکستیان هێناوە. دەبێت زۆر وریا بێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەمان پرۆسە./.