بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فازڵ میرانی لە ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: شەهید حاجی قاسم سولەیمانی پێش ئەوەی کە بە وتەی خۆی سەربازێکی ئێرانی بێت، تێکۆشەرێک بوو کە لە پێناو مرۆڤایەتیدا خەباتی دەکرد و گیانی لەو ڕێگایەشدا کردە قوربانی.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەوەی کە ئێمە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لە گەڵ شەهید سولەیمانیدا بووین، هیچی بۆ خۆی نەدەویست، مەبەستی ئەو بیر و باوەڕە بوو کە لە پێناویدا خەباتی دەکرد.
فازڵ میرانی بە ئاماژە بە کۆبوونەوەیەکی شەهید سولەیمانی و نێچیرڤان باتزانی وتی: لەو کۆبوونەوەدا نێچیرڤان بارزانی بە شەهید سولەیمانی وت کە لەم دواییانەدا جموجوڵ و هاتووچۆکانت زۆر بەرچاون و وەڵامی دایەوە کە کاک نێچیرڤان من لە دوای شەهیدبووندا دەگەڕێم و خۆم ناپارێزم و ئاواتی ئەوەم هەیە شەهیدبم.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: شەهید سولەیمانی پیاوێکی ئایین پەروەر، نیشتمانپەروەر و پشتیوانی خەڵکی هەژار بووە، لە بەر ئەوەش دۆستی فەڵەستینییەکان و کورد و ئەو وڵاتانە بووە کە خەڵکەکەیان زوڵم و ستەمیان لێکراوە.
ناوبراو وتی: جگە لە خەباتی مەیدانی، شەهید سولەیمانی سیاسەتمەدارێک بوو وەک زێڕنگێڕێک سەیری کێشە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکانی دەکرد. هیچ کات نەبینرا کە لە سەدا سەد لایەنێک بگرێت و لە سەدا سەد لایەنێک بەربدات. بەردەوام هاوسەنگی ڕادەگرت. ئەگەر شەهید سولەیمانی زیندوو دەبوون هەلومەرجەکە بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو.
فازڵ میرانی وتی: شەهید سولەیمانی وەک دکتۆرێک چۆن نەخۆشییەک دەستنیشان دەکات، کێشەکانی دەناسی و چارەسەری کاتی بۆ دەکرد تا ئەو کاتەی ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر دەکرا، هەر بۆیە ئەگەر لە ژیاندا بوایە، زۆربەی ئەو کێشانەی ئێستا لە ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق دەبینرێن، بوونیان نەدەبوو./.