مونا قەهوەچی لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی لە شاری هەولێر، بە پەیامنێری جام کوردی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی لە گەڵ زۆربەی وڵاتان بە تایبەت ئێران هەیە و لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری ئەم پەیوەندییانە بەرەو گەشەسەندن دەڕوات.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بوونی ئەم پەیوەندییانە وایکردووە کە ئێران ڕۆڵی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق هەبێت.
مونا قەهوەچی وتی: هەر سەرکۆنسووڵێکی ئێران کە سەردانی پارتی چاکسازی تورکمانی کردووە، بەڕێز عەبدولقادر بازرگان سەرۆکی پارتی چاکسازی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران ڕۆڵێکی ئیجابیی هەبووە لە بەرجەستەکردنی سیادەی عێراق و پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی: هیوادارین ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بێت تا هەرێمی کوردستان بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بگات.
مونا قەهوەچی سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: داهاتووی پەیوەندییەکان بەرەو باشتربوون دەڕوات، لە بەر ئەوەی کە عێراق دوو وڵاتی دراوسێی هەیە، تورکیا و ئێران. ئێران هەموو کات هەوڵیداوە کە عێراق وڵاتێکی یەکپارچە و پارێزراو بێت لە پێناو پاراستنی مافی سەرجەم خەڵکی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەری لە سەر پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت و هەرێمی کوردستانی بەهێز دەتوانێت سوودی بۆ وڵاتانی دیکەش هەبێت.
مونا قەهوەچی بە ناوی خۆی، عەبدولقادر بازرگان سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان و پێکهاتەی تورکمان بە گشتی، سەرەخۆشیی بە بۆنەی ساڵیادی تیرۆری شەهید سولەیمانی بە گەل و حکومەتی ئێران ڕاگەیاند و هیوای ئارامی و سەقامگیریی بۆ ئێرانیش خواست./.