بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ بەڕێزیان، وێڕای دەستخۆشی لە دەسکەوتەکانی سودانی لە دابینکردنی ئاسایش و ئاوەدانی عێراق، وتیان: هەرچی عێراق ئاسایش و ئاوەدانی زیاتری هەبێت، لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پەیوەندی زۆر باشی گەل و حکومەتی عێراق، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەم وڵاتەیان بە گرنگ و پێویست ناو برد و بەرامبەر بە سودانی وتیان: وەک چۆن کە بەڕێزتان ڕوونتانکردەوە، حەشدی شەعبی یەکێک لە بنەماکانی هێزی عێراقە کە دەبێت لە پێناو پاراستن و بەهێزبوونیدا هەوڵ بدرێت.
بەڕێزیان بوونی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق بە نایاسایی و لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە ناو برد و ڕایانگەیاند کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت درێژە بە مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق بدەن و پێویستە لە دژی ئەم داگیرکارییە بوەستن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت هەلومەرجی سوریا وتیان: ڕۆڵی وڵاتانی بێگانە لەم ڕووداوانەدا بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆیی بۆ سەردان و دانوستانەکانی تاران دەربڕی و هیوای خواست کە دانوستان و ڕێکەوتنەکانی تاران پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بەرەو گەشەی زیاتر ببات.
سودانی، گەل، حەشدی شەعبی، یەکڕیزی نیشتمانی و مەرجەعییەتی بە هێماکانی هێزی عێراق ناو برد و بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و لوبنان وتی: هەڵوێستی عێراق پشتیوانی لە غەززە، لوبنان و خۆڕاگرییە لە ناوچەکەدا.
ناوبراو سەبارەت بە سوریاش ڕایگەیاند کە هەڵوێستی عێراق پشتیوانی بەردەوامە لە ئیرادەی گەلی سوریا و پاراستنی سەربەخۆیی، یەکپارچەیی و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیری نیشتمانی لەم وڵاتەدا./.