بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران وتی: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانە و هەوڵ دەدەین تا ئامانجەکانی هەر دوو گەل و هەر دوو وڵات بە تاتبەت گەشە و ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر بکەین.
ناوبراو وتی: لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانمان تاوتوێ کرد، وێڕای ئەوەی کە ئەنجامی سەردانەکەی پێشووی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانمان بۆ عێراق تاوتوێ کرد.
سودانی وتی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق گرنگە، لە بەر ئەوەی کە لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی گەلانی هەر دوو وڵاتە و ئەم پەیوەندییانەش دەتوانێت کاریگەریی لە سەر پەیوەندی ناوچەیی هەبێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ئێمە جەخت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان لە سەر چەندین دۆسیە بە تایبەت فەڵەستین دەکەینەوە و ئیدانەی کۆمەڵکوژی زایۆنیستەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی دەکەینەوە، تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە بێدەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت و بە هەڕەشەیەکی گەورە لە بەردەم ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دادەنرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە هەمووان بزانن ڕێگای دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە، ڕاگرتنی کوشتار و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پێکهێنانی حکومەتی سەربەخۆی فەڵەستینە.
محەممەد شیاع سودانی سەبارەت بە سوریاش وتی: عێراق جەخت لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی سوریا و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتێک بە بەشداری و هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان و پێکهاتەکان و گەڕانەوەی ئاواتەکان دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: داوا لە سەرجەم وڵاتان دەکەین پابەندی یاسا و بنەماکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بن و متمانە و ئاسایش و ئاشتی بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە./.