بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام داوای ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ کردووە و بە تایبەت گرنگیی بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و گەلەکەی داوە و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە باشترین دۆخی خۆی دایە.
ناوبراو وتی: ئەم سەردانە لە درێژەی سەردانەکەی پێشووی منە بۆ عێراق کە ئەنجامەکەی لە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتدا دەبینین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە گەڵ بەڕێز سودانی، وێڕای تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، دانوستانی باشمان سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە تەواوی بوارەکاندا هەبووە.
پزیشکیان وتی: مەترسی تیرۆریزم و چالاکبوونەوەی شانە تیرۆریستییەکان بە نیگەرانی هاوبەشی ئێران و عێراق دادەنرێت و وشیاری و هاوکاری ڕابردووی هەر دوو وڵات وەبیردێنێتەوە.
وتیشی کە لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاری هەر دوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی تاوتوێ کراوە./.